پلانه‌كه‌ی تره‌مپ، "رۆژئاوای" تیا نییه
"دوارۆژه‌كانی له كۆشكی سپی به كێشه كۆتایی دێت"
K24 - مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
سه‌رۆك تره‌مپ له كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا بڵاویكرده‌وه كه ئه‌مه‌ریكا به‌هه‌زاران سه‌رباز له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه ده‌كێشێته‌وه.
به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی یۆ ئێس توده‌ی به هه‌زاران سه‌رباز ئه‌فغانستان و عێراق و سۆماڵ و ناوچه‌كه جێده‌هێڵن له مانگی كانوونی دووه‌می 2021 و ئه‌وه‌ش وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ به‌ڵێنی هه‌ڵبژاردن كه تره‌مپ به خه‌ڵكی داوه. رۆژنامه‌كه ده‌شڵێت: "ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته دژایه‌تییه‌كی توندی لێكه‌وتۆته‌وه له‌ناو گه‌وره به‌رپرسانی هاوپه‌یمانه سیاسییه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا".
به‌پێی راپۆرته‌كه سه‌ركردایه‌تی نوێی پێنتاگۆن كه له چه‌ند رۆژی رابردوودا جێگیر بووه ئاماده‌یی تێدایه ژماره‌یه‌ك له هێزه‌كانی كه‌مكاته‌وه، وێڕای ئه‌وه‌ی به‌رپرسان و پسپۆران دژی ئه‌وه‌ن و هۆشداری ده‌ده‌ن له‌وه‌ی كه بوونی ئه‌مه‌ریكا تائێستا پێویسته بۆ به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌كانی.
به‌پێی راپۆرتێكی سێ ئێن ئێن تره‌مپ له سۆماڵ و ئه‌ففانستان و عێراق و زۆربه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كشێته‌وه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ك له پێنتاگۆن ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا بكشێته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی پرۆپاگه‌نده‌ی ده‌رباره ده‌كرێت. گوتیشی: "بڕیار بوو ژماره‌یه‌كی كه‌م سه‌رباز له عێراق بكشێته‌وه، به‌ڵام كشانه‌وه له‌وێش روونادات ئه‌وه‌ی رووده‌دات بڕیاره هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان كه‌مكرێته‌وه بۆ 2500 سه‌رباز كه ئه‌وه‌ش نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان تاڵیبان و ئه‌مه‌ریكا".
به‌ڵام راپۆرته‌كه‌ی سێ ئێن ئێن پێداگری له‌وه ده‌كات كه ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق له 5 هه‌زار سه‌ربازه‌وه ده‌بێته 2500.
لیندسی گراهام ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیران له‌رێگه‌ی رۆژنامه‌ی زه واشنتۆن تایمزه‌وه ده‌ڵێت: "بابه‌ته‌كه به‌و شێوه‌یه نییه كه پرۆپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌كرێت. كه‌مكردنه‌وه جیایه، كشانه‌وه جیایه". وتیشی: "سه‌رۆكی داهاتوو ده‌توانێت ئه‌و هێزانه كه‌مو زیاد بكاته‌وه، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌مه‌ریكا هێزه‌كانی له سووریا ناكشێنێته‌وه و هاوپه‌یمانه‌كانی جێناهێڵێت".
به‌ڵام رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ر له 15ی كانوونی دووه‌م له ئه‌فغانستان كه‌مده‌كرێته‌وه و 2500 سه‌ربازی لێده‌هێڵرێته‌وه، ئه‌وه‌ش 5 رۆژ به‌ر له ده‌ستبه‌كاربوونی جۆ بایدن.
دوو ده‌یه‌یه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستانن كه دوورودرێژترین شه‌ڕیان كردووه له مێژووی ئه‌مه‌ریكادا. هه‌روه‌ها هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له دوای رووخاندنی سه‌دامه‌وه ساڵی 2003 له عێراق جێگیر بوون. به‌ڵام باراك ئۆباما-ی سه‌رۆكی پێشوو له ساڵی 2008 هێزه‌كانی كه‌مكرده‌وه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو، پاشان به‌هۆی شه‌ڕ دژی داعش له ساڵی 2014 هێزه‌كانی گه‌ڕایه‌وه عیراق.
رێكه‌وتنی ئاشتی نێوان ئیداره‌ی تره‌مپ و یاخیبوانی تالیبان له ئه‌فغانستان له مانگی شوباتی 2019ه‌وه قۆناغی پاش چۆته پێشه‌وه كه به‌پێی رێكه‌وتنه‌كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان بكشێته‌وه له‌به‌رامبه‌ردا گره‌تنی له وه‌رگیراوه كه ببێته دیوارێكی به‌رگری بۆ رێگه‌نه‌دان به هێزه‌كانی قاعیده و گرووپه ئیرهابییه‌كان بێنه ناوچه‌كه.
كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كان ناكۆكی خستۆته نێوان تره‌مپ و به‌رپرسانی ئاسایش نیشتمانییه‌وه.
هه‌فته‌ی پێشوو مارك ئیسپیر وه‌زیری به‌رگری ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه له‌بڕی ئه‌و كریستۆڤه‌ر میلله‌ر كاره‌كانی وه‌زاره‌تی به وه‌كاله‌ت گرته ده‌ست.
میلله‌ر له یه‌كه‌م وتاریدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هێزه‌كانیان و كارمه‌ندانی مه‌ده‌نی ده‌كێشنه‌وه له ئه‌فغانستان. وتیشی: "كۆتایی هێنانی جه‌نگ وا ئه‌خوازێت كه ده‌ستهه‌ڵگرن و به‌شداریكردنی تێدا بێت".
باسی له‌وه‌كرد ئێستا پێویسته هێزه‌كانمان بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكا.
له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌م و به‌ر له هه‌ڵبژاردنی 3ی نۆڤێمبه‌ر، تره‌مپ له تویتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ده‌یانه‌وێت بۆ ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ هێزه‌كانیان له ئه‌فغانستان بكێشنه‌وه.
هه‌روه‌ها دوێنی 17ی تشرینی دووه‌م سه‌رۆكی زۆرینه‌ی ئه‌نجومه‌نی پیران، میتچ ماكۆنیل، له رێگه‌ی رۆژنامه‌ی دیترۆیت فری پرێس-ه‌وه ئاماژه‌ی به سیاسه‌ته‌كانی تره‌مپ دا له عیراق و سوریا و ئه‌فغانستان و سۆماڵ، به‌ڵام ئه‌و قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه كرد دژی كشانه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه له ئه‌فغانستان. ماكونیل وتی: "ئه‌مه‌ریكا هیچ لاری نییه شه‌ڕ بكاته‌وه دژی هێزه تیرۆریستییه‌كان و هاوكاره‌كانی له ئه‌فغانستان و به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو سه‌ركه‌وتنیش به‌ده‌ست هاتووه، به‌ڵام پاشه‌كشه‌ی خێرا له ئه‌فغانستان له ئێستادا زیان له هاوپه‌یمانه‌كانمان ئه‌دات".
له‌كۆتایدا وتیشی: "پاشه‌كشه له سوریا و ته‌نانه‌ت له عیراق-یش به‌وشێوه نییه".
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی زه واشنتۆن پۆست-ی 17ی تشرینی دووه‌م ئاماژه به‌نووسراوێكی پێنتاگۆن ده‌دات كه دابه‌شی كردووه به‌سه‌ر به‌شه‌كانی وه‌زاره‌تدا، و ده‌ڵێت: "ژماره‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به ئه‌فغانستان كه‌مده‌كرێته‌وه بۆ نیوه به‌به‌راورد ئه‌وه‌ی ئێستا كه 4500 سه‌ربازه. له عیراق-یش هێزه‌كانی كه‌مده‌كاته‌وه بۆ خوار 3000 سه‌رباز و له سۆماڵ-یش ته‌نیا 700 سه‌رباز ده‌هێڵرێته‌وه بۆ مه‌شق و راهێنانی سه‌ربازی خه‌ڵكی سۆماڵی دژ به تیرۆریستان له ناوچه‌كه و ده‌ستكاری هێزه‌كانیشی ناكات له سوریا".
هه‌رچه‌نده تره‌مپ به‌به‌رده‌وامی پێداگری له كشانه‌وه كردووه له سوریا، به‌ڵام ئێستا هه‌زاران سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له‌ناوچه‌كه‌ن بۆ پاراستنی ناوچه‌كه و كێڵگه نه‌وتییه‌كان كه به‌شێكه له پاراستنی ئه‌و كیڵگانه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورده‌كانی سوریادان كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه پاڵپشتی ده‌كرێن تا حكومه‌تی سوریا به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ستی نه‌گاتێ.
به‌پێی به‌رپرسێكی پێنتاگۆن ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ ئه‌مجاره كاریگه‌ری له‌سه‌ر سوریا نابێت.