ترەمپ بەنیازە چەند ناوچەیەکی ئۆکرانیا بە بەشێک لە ڕووسیا بناسێنێت
پێگەیەکی هەواڵی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمەریکا دەیەوێت بەبێ ڕەزامەندی ئۆکرانیا بەشێک لەو ناوچانەی ڕووسیا داگیری کردوون، وەک بەشێک لە وڵاتەکە بناسێنێت.
هەینی 28ـی تشرینی دووەمی 2025، پێگەی هەواڵی زە تەلەگراف بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت ناوچەی کریمیا و ناوچەکانی دیکەی کە ڕووسیا کۆنترۆڵی کردووە بە فەرمی وەک بەشێک لە وڵاتەکە بناسێنێت.
ئاماژەشی داوە، ئەمە بەشێکە لە پلانەکەی ئەمەریکا کە بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا پێشکەش کراوە، هاوکات باس لەوەش دەکات بۆ ناساندنی ئەو ناوچانە وەک بەشێک لە ڕووسیا پشت بە ڕەزامەندی ئۆکرانیا نابەستن.
ئەو پێگە بەریتانیا لە زاری سەرچاوەیەک نزیک لە بابەتە ڕایگەیاندووە، ئەمەریکا گرنگی بە هەڵوێستی ئەورووپا نادات، هەر چییەک دەیانەوێت بابیکەن.
ئەمڕۆ هەینی، کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، ستراتیژییەکی هەموارکراویان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە پێگەیشتووە، کە دوای گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا لە جنێڤ، داڕێژراوە. باسی لەوەش کردووە، ئەمەریکا ڕووسیا لە ناوەرۆکی کۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو ئاگەدار کردووەتەوە کە بڕیارە ئەم هەفتەیە گفتوگۆی لەو بارەوە بکرێت.
ئاماژەشی داوە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کێشەی شەرعییەتی هەیە و نایەوێت هەڵبژاردن بکات و پابەندی دەستووری وڵاتەکەی بێت.
دوێنێ پێنجشەممە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، دانپێدانانی یاسایی واشنتن بە (کریما) و هەرێمەکانی (دۆنێتسک و لوهانسک) وەک خاکی ڕووسیا، یەکێک دەبێت لە پرسە سەرەکییەکانی دانوستانەکان سەبارەت بە پلانی ئاشتیی سەرۆکی ئەمەریکا.
سەرۆکی ڕووسیا هۆشداریشی دابوو، مۆسکۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا ڕادەگرێت، ئەگەر کیێڤ لەو خاکانە بکشێتەوە کە مۆسکۆ بە هی خۆی دەزانێت، ئەگەرنا بە زەبری هێز دەیانگرن.
سێشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ( تروس) نووسیبووی: لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، تیمەکەم سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەرەوپێشچوونی یەکجار گەورەی بەدەستهێناوە.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دابوو، بە هیوای یەکلاکردنەوە و بە کۆتا گەیاندنی ئەم پلانەی ئاشتییە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتم ڕاسپاردووە لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە و لە هەمان کاتدا، "دان دریسکۆڵ"، سکرتێری سوپا لەگەڵ ئۆکرانییەکان کۆدەبێتەوە و ئێمەش لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئاگادار دەکرێینەوە.
