فرانس پرێس: ڕووسیا کارەکانی ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی قەدەغە کرد

ڕووسیا کارەکانی ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (Human Rights Watch) لە وڵاتەکەی قەدەغە دەکات.

هەینی 28ـی تشرینی دووەمی 2025، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، ڕووسیا ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (Human Rights Watch)ی خستە لیستی ڕێکخراوە "نەخوازراوەکان"ەوە، بەمەش بە کردەیی کارکردنی ئەو گرووپە فشارە کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، لەسەر خاکەکەی قەدەغە کرد.

باسی لەوەش کردووە، ڕووسیا هیچ هۆکارێکی بۆ ئەم بڕیارە نەخستووەتەڕوو، ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤیش، کە ساڵی 2022 ناچار کرا نووسینگەکانی لە ڕووسیا دابخات، دەستبەجێ هیچ لێدوانێکی نەداوە.

ئەو ئاژانسە فەرەنسییە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەو کاتەوەی ڕووسیا لە شوباتی 2022 هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە دەیان گرووپی قەدەغە کردووە کە ڕەخنەیان لە سیاسەتی کرێملن یان ڕەفتاری مۆسکۆ لە جەنگەکەدا هەبووە.

ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، لێکۆڵینەوە دەکات و ڕاپۆرت لەسەر پێشێلکارییەکانی سوپا و حکومەتەکانی جیهان بڵاو دەکاتەوە، چەندین جار سەرکۆنەی ڕووسیای کردووە بەهۆی جەنگەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا و سوپای ڕووسیای بە ئەنجامدانی "کۆمەڵێک پێشێلکاری" تۆمەتبار کردووە، هاوکات تۆمەتێک کە مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە.

لەنێو ئەو ڕێکخراوەنەی کە لە ڕووسیا وەک "نەخوازراو" پۆلێن کراون، سندووقی جیهانیی ژینگە (WWF)، گرینپییس (Greenpeace)، ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی و دامەزراوەی ئێڵتۆن جۆن بۆ ئایدز هەن. ئەم پۆلێنکردنە (وەک نەخوازراو)، هەر کەسێک کار لەگەڵ ئەو گرووپە بکات یان پارەیان پێ ببەخشێت، لە ڕووسیا ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکاتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment