ڕووسیا هەڕەشەی قەدەغەکردنی وەتسئەپ دەکات
دەستەی چاودێریی پەیوەندییەکانی ڕووسیا ڕایگەیاند بیر لە قەدەغەکردنی خزمەتگوزاریی پلاتفۆرمی وەتسئەپ دەکاتەوە، هاوکات داوای لە دەیان ملیۆن بەکارهێنەری کردووە ڕوو لە خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان بکەن.
هەینی 28ـی تشرینی دووەمی 2025، دەستەی چاودێریی پەیوەندییەکانی ڕووسیا (ڕۆسکۆمنادزۆر) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئەگەر پلاتفۆرمی وەتسئەپ بە تەواوی پابەندی یاسای وڵات نەبێت، ئەوا ڕەنگە "بە یەکجاری" قەدەغەی بکەین.
دەستەکە ڕایگەیاندووە: "ئەگەر بەشی مەسنجەرەکەی پابەندی یاساکانی ڕووسیا نەبێت، ئەوا بە تەواوی بلۆک دەکرێت، و هانی هاونیشتمانییانی داوە ڕوو لە خزمەتگوزارییە نیشتمانییەکان بکەن.
کۆمپانیای تەکنۆلۆژیای ئەمەریکی (مێتا)، کە خاوەنی وەتسئەپە، ڕایگەیاند، ڕووسیا هەوڵ دەدات پلاتفۆرمەکە قەدەغە بکات، چونکە بەرەنگاری هەوڵەکانی حکوومەت دەبێتەوە بۆ پێشێلکردنی مافی خەڵک لە پەیوەندیی پارێزراودا
لە مانگی ئاب ڕووسیا ئەنجامدانی پەیوەندیی دەنگیی لەسەر پلاتفۆرمەکە لە بەکارهێنەران قەدەغە کردبوو، ئەمەش وەک بەشێک لە هەڵمەتێکی فراوان دژی سۆشیاڵ میدیا ڕۆژئاواییەکان، کە ڕەخنەگران دەڵێن ئامانج لێی کۆنترۆڵی حکوومەتە بەسەر ئینتەرنێتدا.
وەتسئەپ و تێلێگرام، یەکێکن لە دوو بەناوبانگترین خزمەتگوزارییەکانی نامەگۆڕینەوە لە ڕووسیا.
هەروەها مۆسکۆ هانی بەکارهێنەرانی داوە ڕوو لە (ماکس Max) بکەن، کە خزمەتگوزارییەکی نامەگۆڕینەوەی ناوخۆییە و تایبەتمەندیی پاراستنی نهێنیی (end-to-end encryption)ی نییە، و مەرجی ئەوەی داناوە کە دەبێت لەسەر هەموو مۆبایل و تابلێتە نوێیەکان پێشوەختە دابەزێنرێت.
