پیتەر گاڵبرێت: بەبێ کورد حکوومەت لە عێراق دروست نابێت
دیپلۆماتکارێکی پێشووتری ئەمەریکی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ مەرجەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەربڕی و ڕایگەیاند، دەبێت بەغدا پابەندی دەستوور و دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی بێت. هۆشداریش دەدات کە ئەمەریکا ڕێگە بە بەشداریی گرووپە چەکدارەکان لە دەسەڵات نادات؛ هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەهۆی پێگە بەهێزەکەی پارتییەوە، هیچ حکوومەتێک لە عێراق بەبێ کورد پێک ناهێت.
یەکشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2025، پیتەر گاڵبرێت، دیپلۆماتکاری پێشووتری ئەمەریکا بە کوردستان24ی گوتی: دەبێت ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا جێبەجێکردنی دەستووری لەسەر عێراق کردبا مەرج؛ جەختیشی لە لێدوانەکانی سەرۆک بارزانی لەبارەی جێبەجێکردنی دەستوور لە لایەن عێراقەوە دەکاتەوە و گوتی: پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ڕوون و گرنگە، کە وەک مەرج بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی داناوە.
دەشڵێت: دەبێت دەستوور و دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی و دادگایەکی دەستووری لە عێراق جێبەجێ بکرێت، کە 20 ساڵە هیچیان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە جێبەجێ نەکراوە.
دیپلۆماتکاری پێشووتری ئەمەریکا جەختیشی لەوە کردەوە، هیچ حکوومەتێک لە عێراق بەبێ بەشداریی هەرێمی کوردستان بوونی نابێت، بەتایبەت کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزب زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێناوە.
لەبارەی مەرجی ئەمەریکا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق گوتی: ئەمەریکا مەرجی دانەوە نابێت گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان بەشداریی حکوومەت بکەن، چونکە ئەمەریکا دەیەوێت حکوومەتی داهاتوو دوور بێت لە دەستتێوەردانی دەرەکی.
هاوکات لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێم مێژوویەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1991، کەم هەمیشە هاوبەشێکی باش بووە و ئەمەریکییەکان کوردستانیان زۆر خۆش دەوێت؛ هاوکات لە ناوچەکە هاوبەش و دۆستێکی نزیکی ئەمەریکایە، کە تاکە شوێنی سەقامگیرە لە ناوچەکە.
