لە پارێزگای زیقار ڕێژەی هەژاری به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌

پارێزگای زیقار سەرباری ئەوەی بە سامانی ژێر زەوی نەوت دەوڵەمەندە و دەیان کۆمپانیای گەورەی بواری وزەی تێدایە، بەڵام هەزاران دەرچووی زانکۆ ساڵانە لە شارەکە دەچنە ڕیزی بێکارانەوە، هاووڵاتیانی پارێزگاکە دەڵێن، ئەو سامانەی لە زیقار هەیە بەهیچ شێوەیەک کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دۆخی ئەوان دروست نەکردووە.

دیمەنێک کە دەوڵەمەندی زەوی تێکەڵی هەژاری خەڵک بووە، لە پارێزگای زیقار ژمارەی بێکاران بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە و تادێت بازنەی هەژاری فراوان دەبێت، سەرباری ئەوەی کێڵگەی گەورەی نەوت لە زیقار هەیە، خەڵکی پارێزگاکە داوادەکەن بودجەی پترۆ دۆلاریان بۆ خەرج بکرێت و خزمەتگوزاریان بۆ دابینبکرێت، ئاستی ژیانیان باش بکرێت.

هاووڵاتییەکی پارێزگاکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پارێزگای زیقار سامانی سروشتیی زۆری هەیە، کێڵگەی گەورەی گاز و نەوتی لێیە، بەڵام تا ئێستا زۆرینەی گەڕەک و شارۆچکەکانی بەدەست کەمی خزمەتگوزارییەوە گرفتارن، هێشتا زۆرینەی دانیشتوانی پارێزگاکە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.

هاووڵاتییەکی دیکە ئاماژەی بەوەکرد، سەرباری ئەوەی بودجەی زۆر تەرخانکراوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و بەهێزکردنی ژێرخانی زیقار، بەڵام پارێزگاکە هێشتا بەدەست بەرزی ڕێژەی هەژارییەوە گرفتارە، ساڵانە هەزاران دەرچووی زانکۆمان هەیە، بەڵام بێکارن، دەکرێت وەبەرهێنان لە توانای ئەو گەنجانە بکرێت.

پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە ڕێژەی هەژاری لە پارێزگای زیقار گەیشتووەتە 40%، شارەکە پێویستی بە پلانێکی گشتگیری پەرەپێدان هەیە بۆ ئەوەی سامانەکەی بەشێوەیەکی گونجاو دابەشبکرێت و هەلی کار بڕەخسێندرێت، چونکە هەژاری گەر لە ڕەگەوە چارەسەر نەکرێت، کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی دروستدەکات.

عەلی شامی، پسپۆڕی ئابووری دەڵێت: زیقار یەکێکە لە پارێزگا وەبەرهێنەرەکانی نەوت، بەڵام ئەم سامانە ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان نەبووە، بەپێچەوانەوە شارەکە بەدەست هەژاریەوە گیرۆدەیە، تەنانەت ڕێژەی هەژاری گەیشتووەتە 40%، ژمارەیەکی زۆر بێکارمان هەیە. پارەی پترۆ دۆلار بەهیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر زیقار نەبووە.

پارێزگای زیقار سەرباری خێر و سامانە زۆرەکەی، کێشەی هەژاری و نەبوونی هەلی کاری هەیە، خەڵکەکەی هیوا دەخوازن سامانی شارەکە بەشێوەیەکی گونجاو بەکاربهێنرێت و هیچ نەبێت خزمەتگوزارییەکییان بۆ دابینبکرێت کە شایستەی مرۆڤ بێت.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment