سبەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دواین پەرەسەندنەکانی عێراق کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دواین پەرەسەندنەکانی عێراق کۆدەبێتەوە و نوێنەری تایبەتی سکرتێریی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە کۆبوونەوەکەدا گوتارێک پێشکەش دەکات.

دووشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، نێردراوی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یونامی) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سبەی سێشەممە کاتژمێر 6ـی ئێوارە بە کاتی بەغدا دانیشتنێک سەبارەت بە بارودۆخی عێراق ئەنجام دەدات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وا پێشبینی دەکرێت کە هەر دوای دەستپێکردنی دانیشتنەکە محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێریی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونانی), گوتارێک سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی عێراق و یونامی پێشکەش بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی چوارشەممە، 26ی تشرینی دووەم، هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، لە پارێزگای سلێمانی، بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران و کارەباش بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بۆ 5 کاتژمێر کەم کرایەوە.

لەو بارەوە یونامی لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی پەرەسەندنە ئەمنییەکان خستبووڕوو و ئاماژەی بەوە دابوو، ئەو هێرشە جگە لەوەی زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق دەگەیەنێت، هاوکات هەڵگری پەیامێکی نەرێنی و مەترسیدارە کە ڕاستەوخۆ دژایەتیی چەمکی فیدراڵیزم دەکات لە وڵاتەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان کردبوو ڕێوشوێنی پێویست و گونجاو بگرنە بەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە بکرێت، چونکە بە بڕوای ئەوان هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی بە هیچ شێوەیەک پاساو هەڵناگرێت.

 
Fly Erbil Advertisment