فازڵ میرانی: بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەبێت نەوەی نوێ پشوودرێژ بن
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو ئەمانەتەی لە پێشینانمان وەرگرت، دەیدەینە دەست نەوەی نوێ بۆ ئەوەی خەونی دەوڵەت بەدیبهێنن
دووشەممە 1ی کانوونی یەکەمی 2025، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی گوتارێکدا پەیامێکی ئاراستەی گەنجان کرد و ڕایگەیاند، ئەو ڕێگایەی ئەوان گرتوویانەتەبەر پێویستی بە پشوودرێژی هەیە و ئامانجی کۆتاییان گەیشتنە بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان.
فازڵ میرانی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، نەوەی کۆن ئاڵا و ئەمانەتی خەباتیان لە پێشینانی خۆیان وەرگرتووە و ئێستاش دەیانەوێت ئەو ئەمانەتە ڕادەستی نەوەی نوێ و گەنجان بکەنەوە.
فازڵ میرانی ڕوونی کردەوە: مەبەستمان لە ڕادەستکردن خۆبەدەستەوەدان و کۆڵدان نییە، بەڵکوو مەبەست لێی بەڵێن و پەیمانە بۆ پاراستنی خاک و بەردەوامیدان بەو ڕێگایە، چونکە ئەم ڕێگایە دوورودرێژە و پێویستی بە بەرگەگرتن هەیە.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی نموونەی بە خەباتی مستەفا بارزانی هێنایەوە و گوتی: "هەروەک چۆن بارزانیی نەمر پشوودرێژ بوو لە ڕۆیشتنی بۆ یەکێتیی سۆڤیەت و گەڕانەوەی، هەروەها بەردەوامیی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان تا دەگاتە ئەمڕۆ، دەبێت ئێمەش بەو شێوەیە بین."
سەبارەت بە ئایندە و ئامانجی خەباتەکەیان، فازڵ میرانی جەختی کردەوە، خەونی ئەوان کۆتایی نەهاتووە و ئاماژەی دا خەونی بنەڕەتی و ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە کورد ببێتە خاوەنی ناسنامە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، وەک ئەمانەتێک لە وڵاتی خۆماندا بمێنینەوە کە پێکەوەژیان و ئازادی تێیدا بەرجەستە بێت.
