دانیشتووانی ناحییەی ڕزگاری: دەستە دەرەکییەکان ڕیسوا دەکەین

لە کاردانەوەیەکی توند و یەکدەنگدا بەرانبەر بە ڕووداوەکانی گوندی لاجان، پیاوماقووڵان و گەنجانی عەشیرەتی هەرکی لە ناحیەی ڕزگاری، پەردەیان لەسەر پیلانێکی سیاسی و ئەمنی هەڵماڵی، کە ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیریی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و لێدانە لە پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان. دانیشتووانی ناوچەکە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەستێکی دەرەکی و ناوخۆیی بە بەرنامە ویستوویانە کێشەیەکی بچووک بۆ مەرامی گەورە بەکاربهێنن، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ بە وریاییەوە دۆخەکەی کۆنترۆڵ کردووە.

کەسایەتییە دیارەکان و دانیشتووانی ناحیەی ڕزگاری، کە ژمارەیەکی بەرچاویان لە عەشیرەتی هەرکین، نیگەرانیی قوڵی خۆیان نیشان دا بەرانبەر بەو دۆخەی لە گوندی لاجان دروست کرا و ڕوونیان کردەوە کە ئەوەی ڕوویداوە تەنها کێشەیەکی بچووک بووە، بەڵام نەیاران هەوڵیان داوە بە ناوی عەشیرەتی هەرکییەوە گەورەی بکەن، ئەوان سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەربڕی کە ڕێگری لە تەشەنەسەندنی کێشەکە کردووە و چارەسەری گونجاوی بۆ دۆزیوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی هەڵوێستەکەیاندا، نوێنەرانی عەشیرەتەکە پەنجەی تۆمەتیان بۆ دەستی دەرەکی و لایەنە نەیارەکان ڕاکێشا و ئاشکرایان کرد کە پیلانەکە بە هاوبەشی لەنێوان یەکێتیی نیشتمانی و حەشدی شەعبی داڕێژراوە، وەک بەڵگەیەک بۆ بوونی دەستی پێشوەختە لە ئاڵۆزییەکاندا، ئاماژەیان بەوە دا کە تیمەکانی کەناڵی هەشت و میدیای یەکێتی، دوو کاتژمێر پێش ڕوودانی کێشەکە لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەبوون، کە ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی ئەوان ئاگاداری سیناریۆکە بوون و ویستوویانە ئاگرەکە خۆش بکەن.

دانیشتووانی ڕزگاری هۆشدار دەدەن کە ئامانجی سەرەکیی ئەو ئاژاوەگێڕییە، دروستکردنی پشێوی و لێدانە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاسایشی هەرێم، هاوکات جەخت دەکەنەوە کە ئەوان دژی هەموو جۆرە پیلانگێڕییەکی یەکێتی و دەستە دەرەکییەکانن و ئەگەر ئەو لایەنانە دەست لەو کردەوانە هەڵنەگرن، ئەوا بە توندی بەرپەچیان دەدرێتەوە، چونکە ئەو کەسانەی ئاژاوەکە دەنێنەوە ئامانجیان کارکردن نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی سیاسییە.

لە پەیامەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ڕێگە نادرێت کێشەی کەسیی نێوان دوو کەس بکرێتە هۆی لەکەدارکردنی ناوی گەورەی عەشیرەتی هەرکی و تێکدانی دۆخی ناوچەکە. 

گەنجانی عەشیرەتەکە بە دەنگێکی بەرز ڕایانگەیاند: پەیوەندیی ئەوان و پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکی خوێن و گۆشتە و بە هیچ شێوەیەک لێک جیا ناکرێنەوە، داواشیان لە دانیشتووانی گوندی لاجان کرد کە نەبنە کەرەستەی دەستی دەرەکی و هان نەدرێن بۆ ئاژاوەگێڕی.

دانیشتووانی ناوچەکە ڕاستییەکان دەربارەی دۆخی گوندەکە و پڕوپاگەندەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرا دەکەن و دەڵێن: ئەو دەنگۆیانەی لە سۆشیال میدیا بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە ڕاستییەوە و تەنیا بۆ کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت خەڵک بە کوشت دەدەن.

 ئەوان ڕوونیان کردەوە، هاتنە دەرەوەی خەڵک لە گوندەکە یان بەهۆی تێنەگەیشتن بووە لە ڕاستی کێشەکە، یان بۆ ڕێگریکردن بووە لە دروستبوونی پشێوی زیاتر، بۆیە ئەو خەیاڵەی نەیاران کە دەیانەوێت درز بخەنە نێو عەشیرەتی هەرکی، خەیاڵێکی خاوە و سەرناگرێت.

 

 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment