نوێنەری سەرۆک عەشیرەتی هەرکی: دژایەتیکردنی حکوومەت تاوانە
مامۆستایەکی عەشیرەتی هەرکی لەبارەی گرژییەکانی ئەم دواییە هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت، دەستی دەرەکی دەیەوێت سوود لەو دۆخە وەربگرێت بۆ تێکدانی خۆشگوزەرانیی هەرێم، بۆیە داوا لە خەڵکی لاجان دەکات ڕێگە بە ئاژاوەگێڕان نەدەن و ئەوانەشی دەستیان لە پشێوییەکاندا هەیە بدرێنە دادگا، جەختیش دەکاتەوە کە ئێستا بە هەوڵی سەرۆکی حکوومەت هەرێم ئاوەدان بووەتەوە.
مەلا خالید هەرکی، نوێنەری مەحموود ئاغا، سەرۆکی عەشیرەتی هەرکی بە کوردستان24 گوت: زۆر نیگەرانین کە هەندێک کەس دەیانەوێت ئارامی و خۆشگوزەرانی هەرێمی کوردستان تێک بدەن، دەستی دەرەکیش دەکەوێت سوود لەو ڕووداوە وەربگرێت، بۆیە داوا لە هەموو هەرکییەکان دەکەم ئارامی و یەکڕیزی بپارێزن و دڵی ناحەزان خۆش نەکەن.
هەروەها داوا دەکات ئەو کەسانەی دەستییان لەو ئاژاوەگێڕیی هەیە بدرێنە دادگا و بەگوێرەی یاسای مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت؛ دەشڵێت: داوا لەو لایەنانە دەکەم کە دەیانەوێت ئەو هەڵە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بقۆزنەوە، بیر لە یەکڕیزی و پاشەڕۆژی کورد بکەنەوە، بە تایبەت لە ئێستا هەرێمی کوردستان بە هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، خۆشگوزەرانی و ئاوەدان بووەتەوە و بووینە خاوەنی کارەبای24 کاتژمێریی.
گوتیشی: بە داخەوم کە هەندێک میدیا بە هەڵە و دوور بەر پابەندبوون بە ئاسایشی نەتەوەیی و ڕەوشتی میدیا ڕووماڵی ئەو ڕووداوە دەکەن، کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
ئاماژەشی بەوە کرد، لە ڕووی شەرعەوە تاوانە بەرانبەر حکوومەتی وڵاتەکەی بووەستییەوە، بۆیە داوا لە نوێنەرانی لاجان دەکەم، دەرفەت بە کەس نەدەن ئەو هەڵە بۆ نانەوەی ئاژاوەگێڕی بقۆزنەوە.
