ئومێد خۆشناو: سیناریۆی ئاژاوەگێڕان بۆ داپۆشینی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر سەرناگرێت

پارێزگاری هەولێر بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دەنگۆکان و دڵنیاییدان بە هاووڵاتییان گەیشتە گوندی لاجان و لە پەیامێکی تونددا پەردەی لەسەر پیلانێکی دەرەکی و میدیایی هەڵمای.

 ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: دروستکردنی ئاژاوە لە گوندی لاجان، هەوڵێکی نەزۆکی نەیارانە بۆ لەبیربردنەوەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و کەمکردنەوەی شانازیی سەرکەوتنەکانی پارتی، بەڵام عەشیرەتی هەرکی و هێزە ئەمنییەکان بە یەکەوە ئەو پیلانە لەبار دەبەن.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناو گوندی لاجان، داوای لە دانیشتووانی گوندەکە کرد کە بەبێ ترس بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ناوبراو هەموو ئەو پروپاگەندانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ئازاردانی خەڵک دەکەن و ڕوونی کردەوە کە هاتنی هێزە ئەمنییەکان تەنها بۆ پاراستنی سەروماڵی خەڵکی لاجان و ڕێگریکردنە لەو دەستە دەرەکییانەی دەیانەوێت ئارامیی ناوچەکە تێک بدەن، نەک بۆ لێدان لە خەڵکی کاسبکار و نیشتمانپەروەر.

لە بەشێکی گرنگی لێدوانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر هێرشی توندی کردە سەر بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان و ئاشکرای کرد کە ئامانجی ئەو میدیایانە لە گەورەکردنی کێشەی لاجان و پێچواندنی بە دۆخی (لالەزار)، تەنیا بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو شەرمەزارییە گەورەیە بووە کە لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر تووشیان بووە.

 خۆشناو جەختی کردەوە، ئەم سیناریۆیانە ناتوانن سەرکەوتنە گەورەکەی پارتی لە هەڵبژاردنەکان لەکەدار بکەن و خەڵکی کوردستان ڕاستییەکان لەبیر ناکەن.

سەبارەت بە هەڵوێستی عەشیرەتی هەرکی، ئومێد خۆشناو ستایشی ڕۆڵی مێژوویی ئەو عەشیرەتەی کرد و بە پارێزەرانی سەنگەرەکانی پێشەوەی کوردستان وەسفی کردن، ئەو ڕوونی کردەوە، چەند کەسێکی ئاژاوەگێڕ بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی عەشیرەتێکی گەورەی وەک هەرکی ناکەن، بەڵکو خودی هەرکییەکان لە پێشەوەی حکوومەتن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەستە تێکدەرانە و خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی حکوومەت و وڵات دەزانن.

لەبارەی دۆخی ئەمنی و پرسی چەکەکان، پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دا، هیچ بڕیارێک بۆ دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی گوندەکە نییە و تەنیا داواکراوان و ئاژاوەگێڕان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە، ئاماژەی بەوەش دا، لیژنەیەک بۆ ژماردنی چەکەکان پێکهێنراوە، بەو پێیەی زۆربەی چەکەکان هی هێزە ئەمنییەکانن، بەڵام حکوومەت بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەر کەسێک دەکات کە چەک دژی یاسا و حکوومەت بەکاربهێنێت.

خۆشناو وەڵامی ئەو میدیایانەشی دایەوە کە دەستەواژەی (داگیرکردن) بەکاردەهێنن و ڕایگەیاند: ئەوانە بەهۆی ئەوەی ڕاهاتوون لەژێر سێبەری داگیرکاریدا بژین، حەز دەکەن هەموو کوردستان داگیر بکرێت، بەڵام حکوومەت دەستی ئەو کەسانە دەبڕێت کە یاری بە ئاسایشی هەرێم دەکەن.

لەکۆتاییدا، ئومێد خۆشناو پەیامێکی توندی ئاڕاستەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی کۆرمۆر و گرووپە لە یاسا دەرچووەکان کرد و هۆشداریدا، هەرچەندە هەوڵی دروستکردنی فیتنە و ئاژاوە بدەن بۆ لەبیربردنەوەی تاوانەکەی کۆرمۆر، ئەوا ئەو دۆسیەیە بەسەریاندا تێپەڕ نابێت و باجی کارەکانیان دەدەن.

 

 

Fly Erbil Advertisment