ترەمپ لەبارەی سووریا هۆشداریی دەداتە ئیسرائیل

سەرۆکی ئەمەریکا لە نوێترین پەیامیدا خۆشحاڵی خۆی بەو ئەنجامانە دەربڕی کە لە سوریا بەدەست هاتوون و ڕایگەیاند، سەرۆکی سووریا هەلێکی مێژوویی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێشە، هاوکات داواش لە ئیسرائیل دەکات هیچ کارێک نەکات کاریگەر لەسەر بەرەوپێشچوونی ئەو وڵاتە هەبێت.

دووشەممە 1ی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: وڵاتەکەی زۆر ڕازییە بەو ئەنجامانەی ڕازییە کە بە هەوڵێکی سەخت لە وڵاتی سووریا بەدەست هاتوون. ئێمە هەموو توانایەکمان دەخەینە گەڕ بۆ دڵنیابوون لەوەی حکومەتی سووریا لەسەر ئەو کارە گرنگانەی مەبەستیەتی بەردەوام بێت، تاوەکوو وڵاتێکی ڕاستەقینە و ئاوەدان بنیات بنێت.

سەبارەت بە سزاکان، ترەمپ دەڵێت: یەکێک لەو کارانەی کە یارمەتیدەرێکی گەورە بوو بۆیان، کۆتاییهێنان بوو بە سزاکان لەلایەن منەوە، کە پێم وایە ئەمە بە ڕاستی لەلایەن سووریا، سەرکردایەتییەکەی و گەلەکەیەوە جێگەی پێزانین بوو.

لەسەر پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سووریا، ترەمپ جەختی کردەوە، زۆر گرنگە ئیسرائیل گفتوگۆیەکی بەهێز و ڕاستەقینە لەگەڵ سووریا بپارێزێت و هیچ شتێک ڕوو نەدات کە ببێتە ڕێگر لەبەردەم هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ ئاوەدانکردنەوەی.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا بە ڕوونی دان بە سەرۆکایەتی نوێی سووریادا دەنێت و دەڵێت: سەرۆکی نوێی سووریا، ئەحمەد شەرع، بە جددی کار دەکات بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی کاری باش ڕوو دەدات، هەروەها سووریا و ئیسرائیل پەیوەندییەکی درێژخایەن و ئاوەدانیان پێکەوە دەبێت.

لە کۆتاییدا ترەمپ دۆخەکە بە "هەلێکی مێژوویی" ناو دەبات و دەڵێت ئەمە دەچێتە سەر ئەو سەرکەوتنانەی کە پێشتر بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست هاتوون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment