کەسایەتییەکانی عەشیرەتی هەرکی: ئەوانەی ئەو ئاژاوەیان ناوەتەوە هەرگیز بە ئامانجەکانیان ناگەن
ژمارەیەک لە کەسایەتی و دانیشتووانی عەشیرەتی هەرکی لە بەحرکە، وێڕای سەرکۆنەکردنی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە، ڕایدەگەیەنن کە دەستێکی دەرەکی لەپشت ڕووداوەکانی قەزای خەباتە و ئاژاوەگێڕان ئامانجیان تێکدانی ئاسایشی هەرێمە، جەختیش دەکەنەوە وەک هەمیشە بە دڵسۆزی لەسەر ڕێبازی پارتی دەمێننەوە.
چەند کەسایەتییەکی عەشیرەتی هەرکی لە بەحرکە بە کوردستان24 گوت: ئێمە ڕووداوەکەی لاجان بە کارێکی تێکدەر دەزانینن و خەریکە کێشەکە چارەسەر دەکرێت، بەڵام ئەوەی لە قەزای خەبات ڕوو دەدات دەستێکی دەرەکی لە پشتەوەیە و لەلایەن چەند کەسێکی ئاژاوەگێڕ ئەنجام دەدرێت.
جەختیشی لەوە دەکاتەوە، هەرکی وەک هەمیشە لەسەر ڕێبازی پارتییە و هەر دڵسۆز دەمێنێتەوە.
هەروەها دانیشتوویەکی دیکە بەحرکە ئاماژەی دا، ئەوان نایانەوێت ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێک بچێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەوڵ بۆ ئەمنییەتی هەرێم دەدەن، دەشڵێت: ئەوانەی ئەو ئاژاوەیان ناوەتەوە هەرگیز بە ئامانجەکانیان ناگەن.
کەسایەتییەکی دیکەی عەشیرەتی هەرکی لە بەحرکە باسی لەوە کرد، هەرگیز لەگەڵ ڕووداوی هیچ ئاژاوەیەک نین، بە تایبەت لە نێوان حکوومەت و عەشیرەتەکەمان.
