ناسر هەرکی: پارتی بە زرێپۆش هێرش ناکاتە سەر خەڵک و لەو کەسانە خۆشنابین کە لە ئاژاوەکە تێوەگلاون
پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق و کەسایەتیی دیاری عەشیرەتی هەرکی ڕایدەگەیەنێت، دانیشتووانی لاجان دڵسۆزی ڕێبازی بارزانین و ڕووداوەکان لەلایەن ناحەزانەوە بۆ تێکدانی دۆخی هەرێم گەورە کراون. ناوبراو ڕەتی دەکاتەوە هێزی سەربازی و زرێپۆش برا بنە ناو گوندەکە و جەخت دەکاتەوە کە پارتی گوێ لە داواکاری خەڵک دەگرێت، هاوکات هۆشداریش دەدات کە چاوپۆشی لە ئاژاوەگێڕان ناکرێت و لێپرسینەوەی یاسایی توندیان لەگەڵ دەکرێت.
دووشەممە 1ی کانوونی یەکەمی 2025، ناسر هەرکی، کەسایەتی عەشیرەتی هەرکی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق مێوانی باسی ڕۆژ بوو و لەبارەی ئاڵۆزییەکانی لاجان گوتی: دانیشتووانی گوندی لاجان دڵسۆزی ڕێبازی پارتی و بارزانین؛ دەشڵێت ئەوەی لەوێ ڕووی داوە گەورە کراوە. دەشڵێت: خەڵکەکە چەند داواکارییەکی لە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی نەوت هەبووە، بەڵام هەندێک کەس کە چاویان بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت دەیانەوێت ئاژاوە دروست بکەن و بە لێدان لە غاز و کارەبای هەرێم نە وەستان دەیانەوێت گاز و بەنزینین نەمێنێت.
باسی لەوەش کرد، پارتی وەک هەندێک لایەن بە چەکی قورس و زرێپۆش هێرش ناکاتە سەر هاووڵاتییەکانی، بەڵکوو گوێ لە داواکاری و گازندەکان دەگرێت، هەر وەک ئەوە هەموو دانیشتووانی گوندی لاجان گەڕاونەتەوە و دۆخەکە هێور بووەتەوە.
ناسر هەرکی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە، کە باس لە بردنی هێزێکی زۆر و چەکی قورس بۆ گوندی لاجان دەکەن و گوتی: تەنانەت یەک چەکداریشی لە ناو گوندەکە نییە، بەڵام پێشتر خۆمان داوامان کردبوو بۆ ئەمنییەتی ناوچەکە و هاووڵاتییان هەندێک هێزی ئاسایشی بڵاوی پێ بکرێت، چونکە بەشێک لە ئاژاوەگێڕەکان ئاڕ پی جییان پێبووە. باسی لەوەش کرد، ئەو هێزە ئاسایشەی لەوێش بووە، کەمێکی دیکە ناوچەکە چۆڵ دەکەن.
لە بارەی بەشێک لە ڕووماڵی میدیاکان لەسەر ڕووداوەکەی لاجان ئاماژەی دا، ئەو میدیایانە نوێنەرایەتی حزبەکانیان دەکەن کە ئامانجییان تێکدانی دۆخی هەرێمی کوردستانە و لێدانە لە ئاسایشی نیشتمانییە.
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکە پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری دراوە ئەوانەی هۆکاربوون بۆ ئاژاوەگێڕی لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، هاوکات ئەوانەی چەکیان لە ماڵەوە هەیە تۆمار دەکرێن، هەر کەسێک بە نایاسایی چەکی هەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت؛ دەشڵێت: دەستی ئەو کەسانە دەبڕدرێت کە لە ئاژاوەکە تێوەگلاون و بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشییان لێ ناکرێت.
