مامۆستایەک چاوەکانی داخراون، بەڵام دەرگای ئومێدی بۆ دەیان منداڵ کردووەتەوە

لە ڕۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، کوردستان24 چیرۆکی محەممەد حوسێن، مامۆستایەکی نابینا، دەگێڕێتەوە کە ئێستا لە پەیمانگای 'ڕووناکی بۆ نابینایان' وانە بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەڵێتەوە.

 محەممەد خۆی یەکێک بووە لە خوێندکارانی هەمان پەیمانگا و ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی خزمەت بە نەوەیەکی نوێی خاوەن پێداویستی تایبەت بکات.

محەممەد، ئاماژە بەوە دەکات، لەبەر ئەوەی خۆی هەمان دۆخی ئەوانی هەیە، باشتر لە ئازار و پێداویستییەکانیان تێدەگات و ئەمەش وایکردووە پرۆسەی فێرکردن ئاسانتر و کاریگەرتر بێت. ئەو دەڵێت: "یارمەتیدانی ئەم منداڵانە بۆ من ئاسان و خۆشە، چونکە منیش بە هەمان قۆناغدا تێپەڕیوم."

لەگەڵ ئەوەشدا، محەمەد نیگەرانی خۆی لە ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە دەردەبڕێت و پێی وایە کە هێشتا وەک پێویست هۆشیاری لەسەر ماف و پێداویستییەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نییە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کارکردن بۆ دابینکردنی ماف و ئاسانکاری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.

 ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند، لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، مووچەی 16 هەزار کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت کە بە شایستە نەدەزانران، گەڕێندراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، چەندین ئاسانکاری دیکە پێشکەش بەم توێژە کراوە، لەوانە بەخشینی مۆڵەتی ساڵێک بە مووچەوە بۆ ئەو کەسانەی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەیە.

بەپێی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان 71,770 کەس وەک خاوەن پێداویستی تایبەت تۆمارکراون. حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە دابینکردنی ژیانێکی شایستە و یەکسان بۆ هەموو هاوڵاتییان، بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیشەوە، هەروەها کار دەکات بۆ تێکەڵکردنیان بە کۆمەڵگە و دابینکردنی هەلی کاری گونجاو بۆیان.

جێگای باسە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1992ـەوە ڕۆژی 3ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دیاریکردووە، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی هۆشیاری و داکۆکیکردن لە ماف و کەرامەتیان.

 
 
Fly Erbil Advertisment