بەهۆی داربڕینەوە مەترسی لە ناوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس هەیە
قاچاخچیانی دار، کەوتوونەتە گیانی دارستانەکانی زاگرۆس، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەستی ئەم قاچاخچییانە گەیشتە دارستانەکانی گوندی دڕۆڵە، سەر بە شاری بانە لە پارێزگای سنە، ئەوان سەدان داریان بڕیوەتەوە و ڕووبەرێکی بەربڵاو لە دارستانەکانی ئەم ناوچەیان لەناو بردووە، خەڵکی گوندەکەش دەڵێن ئەگەر حکوومەت ڕێگری لەم قاچاخچییانە نەکات، ئەوان خۆیان هەنگاوی پێویست هەڵدەگرن.
محەممەد خەرامانی، دانیشتووی گوندی دڕۆڵەی بانە گوتی: ئێمە هەموومان یارمەتی ئاگرکوژێنەوەکانمان داوە، ئێستاش بە نوێنەرایەتی خەڵکی ناوچە، ئامادەین گیانمان لە پێناوی دانێین، دەشڵێت، ڕێگە بەهیچ کەسێک نادەین دار ببڕن، ئەگەر دەزگا پەیوەندیدارەکانیش وەڵاممان نەداتەوە، ئێمە ئامادەین خوێنمان لە پێناوی دابنێین و بەرگریی لە پوش و پاوانە بکەین.
ئەندامانی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی "پاژین"ـی بانە پاش بیستنی ئەم هەواڵە ڕوویان لە گوندی دڕۆڵە کردووە و لە نزیکەوە لە ڕادەی زیانەکانی ئەم دارستانانە ئاگادار بوون، ئەوان دەڵێن ئەوەی بەرامبەر بەم دارستانانە دەکرێت خیانەتی نیشتمانییە و داواش لە هاووڵاتیان دەکەن بۆ پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە چاوکراوەتر بن.
حامید نەسڕوڵڵا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی پاژین دەڵێت: کاتێک هاتین سەردانی ئەم شوێنەمان کرد، بەداخەوە کۆمەڵێک کەس خەریکی قەڵاچۆکردنی دارستانەکان بوون. گەنجانی ئێمە لە شارەکانی زاگرۆس ژیانی خۆیان بۆ پاراستنی دارەکان داوە. ئێمە داوا دەکەین لە دەسەڵات، داوا لە داواکاریی گشتیی شاری بانە دەکەین، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکات و داواش دەکەین لە تەواوی خەڵکی شاری بانە چاویان تیژتر و بیریان تیژتر کەن لەبەرامبەر ئەم دوژمنانەی دارستانەکان.
زوهرە ڕەحمانی، ئەندامی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی پاژین ڕایگەیاند، کاولکردن و وێرانکردنی وڵات خیانەتە لەگەل و لە نیشتمان. هیوادارم بە خۆیان بێنەوە و جارێکی دیکە ئەم کارەساتە دووبارە نەبێتەوە.
ڕووبەری دارستانەکانی زاگرۆس شەش ملیۆن هێکتارە، کە نزیک سێ ملیۆن هێکتاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە. بەشێکی زۆر لە ڕووبەری ئەم دارستانانە بەتایبەت لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ئاگرەوە لەناو چوون. ڕووبەرێکی زۆر لەم دارستانانەش بەهۆی وشکەساڵی و خۆڵبارین و تووشبوونی دارەکان بە کرم و نەخۆشی مەترسییان لەسەرە. سەرەڕای هەموو ئەم مەترسییانەش، بازرگانان و قاچاخچییانی دار بوونەتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ئەم سامانە نیشتمانییە.
