ڕوانگەی عێراقی سەوز: ئەمساڵ کورتترین زستان بەڕێ دەکەین

ڕوانگەی عێراقی سەوز هۆشداری لە گۆڕانکارییەکی مەترسیدار لە کەشوهەوای وڵاتەکە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەو زستانەی ئێستا تێیداین کورتترین زستان دەبێت لە مێژووی چەند دەیەی ڕابردووی عێراقدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕوانگەی عێراقی سەوز لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاشکرای کرد، سەرەڕای ئەوەی بەپێی ڕۆژمێر عێراق چووەتە نێو وەرزی زستانەوە، بەڵام کەشوهەواکە سیمای زستانی پێوە دیار نییە، هێشتا پلەکانی گەرمی لە کاتی نیوەڕۆدا بەرزن و فێنکی و سەرمایەکی کەم تەنیا لە شەوان و بەرەبەیاندا هەستی پێ دەکرێت.

ڕوانگە هۆکاری ئەم دیاردەیەی بۆ کاریگەرییەکانی "گۆڕانی کەشوهەوا" گەڕاندەوە و جەختی کردەوە، ئەگەر چارەسەرێک نەدۆزرێتەوە، سیستەمی وەرزەکان تێکدەچێت، لە ڕابردوودا زستان لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێدەکرد و تا مانگی نیسانی دەخایاند، بەڵام ئێستا هاووڵاتیان تا ئەم کاتەش هەستیان بە سەرمای ڕاستەقینە نەکردووە و پێدەچێت وەرزەکە لە کۆتایی مانگی شوبات یان مانگی ئاداردا کۆتایی بێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ترس و نیگەرانییەک لای هاووڵاتیان دروست بووە کە لە ساڵانی داهاتوودا وەرزی زستان بەتەواوی نەمێنێت و کەشوهەواکەی گەرم بێت، لەبەرامبەردا وەرزی هاوین درێژتر ببێتەوە و ساڵانە لە مانگی نیسانەوە دەست پێ بکات تا مانگی تشرینی یەکەم.

 
Fly Erbil Advertisment