سەرۆکی سووریا: داواکاریی ئیسرائیل بۆ ناوچەی داماڵراو لە چەک وڵاتەکەمان دەخاتە مەترسییەوە
سەرۆکی سووریا هۆشداریدا لەوەی داواکاریی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک لە باشووری سووریا، مەترسی لەسەر وڵاتەکەی دروست دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە جموجۆڵەکانیان لەو ناوچەیە.
شەممە 6ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دەوحە جەختی لە گرنگیی مانەوەی ڕێککەوتنی ساڵی 1974ـی نێوان ئیسرائیل و سووریا کردەوە بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە بەرزاییەکانی جۆلان و گوتی: ئەو ڕێککەوتنە زیاتر لە 50 ساڵە بەردەوامە و بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕێککەوتنێکی سەرکەوتوو بووە.
سەرۆکی سووریا هۆشداریدا و ڕایگەیاند، دەستکاریکردنی ئەو ڕێککەوتنەی کە ڕەزامەندی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی لەسەرە، هاوکات هەوڵدان بۆ ڕێککەوتنی دیکەی وەک دروستکردنی ناوچەی داماڵراو لە چەک، دەکرێت بەرەو ئەنجامێکی مەترسیدارمان ببات.
شەرع ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەریکا بەشدارە لە گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی هەر دوو لا، هاوکات ئاماژەی بە بوونی پشتیوانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ داواکاریی سووریا بە کشانەوەی ئیسرائیل بۆ پێگەکانی پێش 8ـی کانوونی یەکەمی 2024.
سەرۆکی سووریا دەشڵێت: سووریا ئەو لایەنەیە کە ڕووبەڕووی هێرشی ئیسرائیل دەبێتەوە، کەواتە کێ دەبێت یەکەم جار داوای ناوچەی دابڕێنراو و کشانەوە بکات؟
سێشەممە 2ی کانوونی یەکەمی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر نیازێکی باش هەبێت و تێگەیشتن لە بنەماکانی ئێمە هەبێت، ئەوا ئەگەری هەیە لەگەڵ سووریا ڕێک بکەوین.
گوتیشی: چاومان لەوە حکوومەتی سووریا ناوچەیەکی لە چەکداماڵراو لە دیمەشقەوە تاوەکوو چیای جۆلان دابمەزرێنێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە داوای لە ئیسرائیل کردبوو خۆی لە تێکدانی سەقامگیریی سووریا و سەرکردایەتییە نوێیەکەی بە دوور بگرێت. هەروەها لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیل لە باشووری سووریا بووە هۆی کوژرانی 13 کەس و برینداربوونی 6 سەربازی ئیسرائیلی، کە وەزارەتی دەرەوەی سووریا وەک "تاوانی جەنگ" وەسفی کرد.
لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو (2024) لەلایەن هێزەکانی ئەحمەد شەرعەوە، ئیسرائیل هێزەکانی ڕەوانەی ناوچەی دابڕێنراوی چاودێریکراو لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لە بەرزاییەکانی جۆلان (کە لە ساڵی 1974ەوە هێزەکانی سووریا و ئیسرائیلی لێک جیاکردووەتەوە) و چەندین جار دزەکردن و بۆردوومانی بۆ ناو قووڵایی خاکی سووریا ئەنجام داوە.
