وەنەوشک، کوردستانێکی بچووک لەناو جەرگەی تاراندا
ڕێستۆرانی وەنەوشک لە تاران، ڕێستۆرانێکی کوردییە کە تێیدا بە جلوبەرگ و مۆسیقای کوردییەوە پێشوازیی لە میوانان دەکرێت و خواردنی کوردەوارییان پێشکەش دەکرێت.
پێنج ساڵە ڕێستۆرانێکی کوردی لە تاران، پایتەختی ئێران، کراوەتەوە کە تێیدا خواردنی کوردەواری پێشکەش بە میوانەکان دەکرێت. کارمەندانی ڕێستۆرانەکەش بە جلوبەرگی کوردییەوە پێشوازیی لە میوانەکانیان دەکەن. لەو ڕێستۆرانەدا جۆرەکانی جلوبەرگی کوردی نمایش کراوە و مۆسیقای کوردییش پێشکەش بە میوانی غەیری کورد دەکرێت. خاوەنی ڕێستۆرانەکە دەڵێت، زیاتر لە نیوەی میوانەکان خەڵکی ئێرانیی غەیری کورد و گەشتیارانی بیانین و لەگەڵ فەرهەنگی کوردەواری ئاشنا دەبن.
خەلیل عەلیئەولادی، خاوەنی ڕیستۆرانی وەنەوشک، بە کوردستان24ـی گوت: مەبەستی ئێمە تەنیا پێشکەشکردنی خۆراکی کوردیی نییە، بەڵکوو دەمانەوێت فەرهەنگ و دابونەریتی کوردی بە گەلانی دیکەی ئێران بناسێنین.
وەنەوشک کە ناوی ڕستۆرانەکەیە، لە زاری کرمانجیی خواردوودا هاوواتای قەزوانە کە بەری دارەبەنە و لە چەندین خواردنی نەریتیی کوردەواریدا بەکار دێت.
باران ڕۆستەمی، کارمەندی ڕێستۆران، گوتی: لە وەنەوشکەوە بگرە تا هەموو خواردنە کوردەوارییەکان لەم ڕستۆرانەدا پێشکەش دەکرێت و هەموو جۆرەکانی جلوبەرگ و خشڵی کوردەواریی تێدا نمایش کراوە. جگە لە خەڵکانی ئێرانی، ژاپۆنی و کۆری و چینیش سەردانی ڕیستۆرانەکەمان دەکەن کە بێجگە لە خواردن، لەگەڵ فەرهەنگ و مۆسیقای کوردیدا ئاشنا دەبن و دۆست و کەسوکاریان هان دەدەن بێنە ڕیستۆرانەکەمان.
محەممەدئەمین کامرانی، سەرپەرشتی گرووپی هەڵپەڕکێی سەماژینی کرماشان، جەختی لەوە کردەوە "ئەم ڕیستۆرانە ڕۆڵێکی گرنگی لە ناساندنی فەرهەنگی کوردەواری بە دانیشتووانی تاران گیڕاوە."
وەنەوشک، لە ساڵی 2020 وە کراوەتەوە و ئامانج لە کردنەوەکەی بێجگە لە لایەنی ئابووری، ناساندنی فەرهەنگی کوردییە بە جلوبەرگ و مۆسیقا و خواردن و دابونەریتەکانی کوردەوارییە.
