ئوردن مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی فەڵەستین و سووریا دەکات
بە سەرپەرشتی ئەمەریکا، ئوردن مەشق و ڕاهێنان بە ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکانی فەڵەستین و سووریا دەکات، نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەمبارەوە دەڵێت: ئەمە دیدگای سەرۆک ترەمپە بۆ هێنانەدی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا.
مایک واڵتز، نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، سەردانی ناوەندی مەشق و ڕاهێنانی پۆلیسی نێودەوڵەتیی ئوردنم کرد، ئەوان ئامادەن مەشق و ڕاهێنان بە دەزگا ئەمنییەکانی فەڵەستین و سووریا بکەن.
واڵتز نووسیویەتی؛ ئەو هەنگاوەی ئوردن نموونەیەکی دیکەیە لە پابەندی و هاوبەشی ئەو وڵاتە لە پێشخستنی دیدگای سەرۆک ترەمپ بۆ هێنانەدی سەقامگیری و ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.
سەنتەری ڕاهێنانی پۆلیسی نێودەوڵەتی لە ئوردن لە ساڵی 2003 دامەزراوە و لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دارایی دەکرێت، تایبەتە بە ڕاهێنانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی ئوردن و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
جیا لە ئوردن، حکوومەتی میسریش ئەرکی مەشق و ڕاهێنان پێکردنی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی فەڵەستی بە ئەستۆ گرتووە، بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، مەشق و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەکانی فەڵەستین لە میسر دەستیپێکردووە و ئامانجیش لەو کارە، ئامادەکردنیانە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی کەرتی غەززە بگرنە ئەستۆ، دوای ئەوەی ئاگربەست ڕاگەیەندرا.
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی میسر، بەم پلان و هەنگاوە کۆتایی بەو بۆشاییە ئەمنییە دێت، کە بەهۆی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دروستبووە.
