وردەکاریی پلانی نوێی وەزارەتی ناوخۆ بۆ گۆڕینی ئەدای پۆلیس ڕاگەیەندرا
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت، فەلسەفەی کابینەی نۆیەم گۆڕینی میتۆدی پۆلیسە لە "هێزەوە بۆ ڕێز" و هاووڵاتی دەبێت بە سەنتەر و خاوەنی دامەزراوەکان.
سێشەممە، 09ـی کانوونی یەکەمی 2025، د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مەراسیمی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی چاکسازیی پۆلیسی کوردستان کە بە پاڵپشتیی دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا بەڕێوەچوو، وردەکارییەکانی پلانی وەزارەتەکەی بۆ پێشخستنی پۆلیس خستەڕوو.
"هاووڵاتی سەروەری ئێمەیە"
د. هێمن میرانی جەختی لەوە کردەوە، ناوەڕۆکی چاکسازی لەم کابینەیەدا گۆڕینی دیدگایە بۆ خزمەتکردن. ئەو، ڕایگەیاند: "کاتێک مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتی دەکەین، ئێمە لە ئاستێکی بەرزتر نین، بەڵکو هاووڵاتی سەروەری ئێمە و خاوەنی دامودەزگاکانن. فەرمانبەرانی دەوڵەت دامەزراون بۆ ئەوەی خزمەتی ئەوان بکەن."
تەکنەلۆژیا و بەڵگەی تاوان
سەبارەت بە پێشکەوتنە تەکنیکییەکان، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان ئاماژەی بەوە دا، ئێستا باشترین سیستەمی کامێرای چاودێری و باشترین تاقیگەی بەڵگەی تاوان (Adila) لەسەر ئاستی عێراق لە کوردستان بوونی هەیە، کە وایکردووە دەربازبوونی تاوانکاران ئەستەم بێت.
هەروەها ئاشکرای کرد، وەک بەشێک لە پڕۆسەی شەفافییەت و پاراستنی مافەکان، حکوومەت دەستی کردووە بە کڕینی کامێرای جۆری (GoPro) بۆ پۆلیس. پڕۆژەکە وەک تاقیکردنەوە لە پۆلیسی هەولێر دەستی پێکردووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ تەواوی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە کوردستان دابین دەکرێت، تاوەکو وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکان تۆمار بکرێن و وەک بەڵگە بەکاربێن.
ڕێنمایی بۆ ئەفسەرانی پۆلیس
د. هێمن میرانی سێ خاڵی سەرەکی وەک ڕێنمایی ئاراستەی ئەفسەران کرد:
- ڕێزگرتنی مافی مرۆڤ: پۆلیس وەک "فرۆشیاری خزمەت" مامەڵە بکات و پەیڕەوی بنەمای "کڕیار هەمیشە ڕاستە" بکەن.
- بێلایەنی و پیشەییبوون: هاوشێوەی دادوەران، ئەگەر ئەفسەرێک کەیسێکی ناسیاو یان خزمێکی کەوتە بەردەست، دەبێت "تەنەحی" بکات و ڕادەستی ئەفسەرێکی دیکەی بکات.
- پۆلیسی کۆمەڵگە: پۆلیس دەبێت بە جلی فەرمییەوە تێکەڵ بە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان بێت و پەیوەندی لەگەڵ خەڵک دروست بکات بۆ ئەوەی هاووڵاتی بنکەی پۆلیس بە هی خۆی بزانێت.
======================================
قسەکانی د. هێمن میرانی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا:
بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم، بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی ناوخۆ، بەڕێز ڕاگری کۆلێژی پۆلیس، بەڕێزان ئەفسەرانی بەڕێز، ئامادەبووانی هێژا، بەخێربێن، بەیانیتان باش.
پێمخۆشە لە سەرەتادا زۆر سوپاسی دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا بکەم، کە هەرچەندە لێرە ئامادە نین بەڵام دەورێکی گرنگیان هەیە لە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی ڕیفۆرم لە پۆلیسی هەرێمی کوردستان.
بابەتی ڕیفۆرم و چاکسازیکردن لە حوکمڕانی بەگشتی، ئامانج لێی بەرزکردنەوەی کوالێتیی ئەو خزمەتەیە کە حکومەت لە دامەزراوە جۆراوجۆرەکان پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکات. چاکسازی یەکێک بوو لە پایە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و خودی جەنابی ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی هەم لە کاتی پێشکەشکردنی بەرنامەی کابینەکەی و لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی، بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دامەزراوەکانی دەوڵەت پێویستە کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان لەسەر بنەمای "بەسەنتەرکردنی هاووڵاتی" پێشکەش بکەن.
تەبعەن ئەم دەستەواژەیە کاتێک وردی دەکەیتەوە، مانای زۆر گەورەی هەیە. واتە کاتێک ئێمە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆمان دەکەین، ئێمە لە ئاستێکی بەرزتر لە هاووڵاتی مامەڵە ناکەین، ئێمە لە یەک ئاستدا لەگەڵ هاووڵاتی و بەپێچەوانەی ئەوەی کە باو بووە؛ "هاووڵاتی سەروەری ئێمەن، هاووڵاتی خاوەنی دامودەزگاکانن". هەموو ئەوانەی لە دەوڵەت کار دەکەن بە ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەرانەوە، بۆیە لەلایەن دەوڵەتەوە دامەزراون بۆ ئەوەی خزمەتی هاووڵاتی بکەن.
هەر ئەمە ناوەڕۆکی ئەو سیاسەتە نوێیە، سیاسەتی لە هێزەوە بۆ ڕێز، یان سیاسەتی لە (Force-based approach)ـەوە واتە لە میتۆدی پێشینەکردنی هێزەوە بۆ (Community-based approach) بۆ میتۆدی بەپێشینەخستنی کۆمەڵگە جێگەی دەبێتەوە.
ئەگەر ئەو دیدە، دیدی بەسەنتەرکردنی هاووڵاتی، دیدی ئەوەی کە من لە فەرمانگەکەم، لە بنکەی پۆلیس، لە وەزارەت، لە بەڕێوەبەرایەتییەکەم لە سەعات ٨ یان ٨:٣٠ ڕا دەستم بە دەوام کردووە، وا خۆم ڕاهێنا کە ئەوەی دێت، هاووڵاتی کە دێت سەردانی فەرمانگەکە دەکات "ئەو سەروەری منە"، باوەڕتان بێت بەتەواوی هەڵسوکەوتمان دەگۆڕێت. هەڵسوکەوتی هەموو خەڵک دەگۆڕێت.
چونکە بەتایبەت ئەگەر تەرکیزمان لەسەر پۆلیس بێت -تەبعەن موعجیزە دروست دەبێت کاتێک ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە دەکرێت- کاتێک تەرکیزمان لەسەر پۆلیس بێت، پۆلیس زۆربەی کات مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتی دەکات وەک مامەڵەکار. تاوانباریش نییە، جارێ بنکەکانی پۆلیس مەرج نییە هەموو خەڵک ئەوەی سەردانیان دەکەن بس بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان بێت. فەرمانگەکانی ئێمە (کارتی نیشتمانی، پاسپۆرت، کارتی زانیاری، مرور) ئەمانە هەمووی فەرمانگەی خزمەتگوزاریی ڕووتن، خەڵک بۆ بەدەستهێنانی خزمەتێک سەردانی دەکات. واتە بەشی هەرەزۆری، ڕەنگە سێ بەشی زیاتری ئەوەی ئێوەی بەڕێز مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، هاووڵاتییە. کەواتە ئەگەر بیرت کردەوە ئەو سەروەری تۆیە، یەکسەر هەڵسوکەوتت لەگەڵی دەگۆڕدرێت.
وەزارەتی ناوخۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەو دیدە پلانێکی گشتگیری هەیە. ڕاستە ئێمە لە کۆتایی کابینە دەستمان بەو بابەتە کردووە، بەڵام لەپاڵیدا -بەرلەوەی ئیعلان بکرێت و لیژنەی باڵا لەگەڵ بەسەرپەرشتیی جەنابی لیوا تاریق و جەنابی وەزیری ناوخۆ کۆبوونەوە بکرێت- بەرلەوە هەر لەم کابینەیە ڕیفۆرمی زۆر گەورە لە مەجالی پۆلیس کراوە.
خۆت ئێستا -ئەوەی لەمێژە لەناو مەسەلەکەیە- ئەدای پۆلیس و مستەلزەماتی پۆلیس و ئەو شتانەی لەبەردەستی پۆلیسە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان، موقارەنەی بکە بە ١٠ ساڵ لەمەوبەر، جیاوازییەکی زۆر دەبینیت. ئێستا ئێوە باشترین سیستەمی کامێرای چاودێریتان هەیە کە گەلێک زەحمەتە هیچ تاوانکارێک بتوانێت لەبەردەستان ڕزگاری بێت، دەتوانرێت بە ئاسانی بەڵگەت دەست بکەوێت لەمەولە کە لە دادگاکان بەکاری بهێنیت.
باشترین تاقیگەی بەڵگەی تاوان (Adila jina'iya) ئێستا لە عێراق و لە کوردستان هەیە. تاقیگەکانی بەڵگەی تاوان پاڵپشتیی ئێوەن بۆ دروستکردنی بەڵگەی یەکلاکردنەوەی کەیسەکان لە دادگا. ئێمە زۆر جار ئەو موناقەشانە دەکەین، دەڵێین پۆلیس ڕەنگە مانگێک بەدواداچوونی تاوانکارێک دەکات، بەرنامەی بۆ دادەنێت و متابعەی دەکات هەتا دوایی دەیگرێت، دوایی لە نەبوونی بەڵگەی پێویست لەپێش دادگا، ڕەنگە بە کەفالەت ئازاد دەبێت یان ڕەنگە بێتاوان دەردەچێت. بەڵام حکومەت هاتووە پێداویستییەکانی دۆزینەوەی بەڵگەی پێویست -وەک باسم کرد بەڵگەی تاوان یەکێکە لەوانە، هەبوونی کامێرای CCTV یەکێکە لەوانە، کڕینی کامێرای GoPro ئەوەی ئێستا پۆلیسی هەولێر وەک تاقیکردنەوە هەندێکی لەلایە و لە ئایندەیەکی نزیک بۆ پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە هەموو کوردستان دەکڕدرێت- ئەو کامێرایە لە یەخەی خۆی دەدات یان لە کڵاوی سەری هەیە، هەم بۆ پاراستنی پۆلیسە و هەم بۆ پاراستنی هاووڵاتییە؛ چونکە تەواوی ئۆپەراسیۆنەکە ڕیکۆرد دەکرێت کە دەتوانرێت دوایی وەک بەڵگە بەکاربهێنرێت.
ڕیفۆرمکردن لە دامودەزگاکان؛ یەکەم خاڵ بەڕێزان ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤە. تەبعەن یەکێک لەو پایە گرنگانەی کە دیسان کابینەی نۆ کاری لەسەر کردووە ئەوەیە کە پێویستە جگە لەوەی ڕێزی هاووڵاتی بگرین -کە خاوەنی ناسنامەی وڵاتی خۆمانن- بەڵام ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی. پۆلیس لە مامەڵەکردنی لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی دێن، سەردانی دامەزراوەکان و بنکەکان دەکەن، پێویستە بەو پەڕی ڕێزگرتنەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
لە بزنسدا قاعیدەیەک هەیە دەڵێت "Customer is always right" کڕیار هەموو کات ڕاستە. تۆ ئەگەر دێیت لە چاوی میتۆدی بزنسەوە سەیری کار دەکەیت، دامودەزگاکانی دەوڵەت بەعام "فرۆشیاری خزمەتن". تۆ لە فەرمانگەی خۆت ئەگەر هاووڵاتی سەردانت نەکات، دەبێت فەرمانگەکەت داخەیت. فەرمانگەکەت بەو کاتە قەرەباڵغە کە هاووڵاتی سەردانت دەکات. بۆیە هەموو کات نیشاندانی ڕێز، نیشاندانی سۆز (Empathy) لەگەڵ ئەوەی بووەتە قوربانی، یەکجار گرنگە.
هەوڵدان بۆ بە بێلایەنی مامەڵەکردن، پیشەییبوون (Professionalism)ـی پێدەڵێن. ئەفسەر دەبێت بەتەواوی بێلایەن بێت. چۆن لە دادگاکان کاتێک دادوەر بزانێت یەکێک لە لایەنەکانی کەیس ناسیاویەتی، خزمیەتی، برادەریەتی، دەبێت "تەنەحی" بکات، یەکسەر دەبێت بڵێت من ناتوانم ئەو داوایە ببینم لەبەرئەوەی ڕەنگە لایەنگیر بم. بۆیە ئەفسەری لێکۆڵەر، ئەفسەری بنکەکانی پۆلیس، کاتێک خزمێکی خۆی، برادەرێکی، دراوسێیەکی کەیسەکەی دێتە لای، دەبێت هەوڵ بدات تەحویلی کەسێکی دیکەی بدات بۆ ئەوەی لایەنگیر نەبێت. بێلایەنی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکان، قیمت دەداتە لێکۆڵینەوە، قیمەت دەداتە ئەفسەر، قیمەت دەداتە سەروەریی یاسا و ڕێز بۆ دامودەزگاکانی دەوڵەت بەهێزتر دەکات.
خاڵێکی دیکە بەڕێزان، مەسەلەی بەپێشینەکردنی کۆمەڵگەیە. کۆمەڵگە و هاووڵاتی سەنتەری خزمەتگوزارییەکانە، ئێمە خۆمان نا. ئەمە شێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ خەڵک دەگۆڕێت کاتێک وا سەیری دەکەیت. بە نەرمونیانی، بە لێهاتوویی گفتوگۆکردن (Negotiation skill)؛ تۆ هەوڵ دەدەیت بەشێک لەو قەزیانە کە جەرائیمی تێدا ڕوونەداوە، بۆ نموونە هەوڵ دەدەیت بە ئاشتەوایی چارەسەری بکەیت. زۆر گرنگە بنکەی پۆلیسی ناحیەیەک تەنها بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان لەناو خەڵک نەبێت، گرنگە بە جلی ڕەسمییەوە لەناو خەڵک بێت، سەردانی بۆنە کۆمەڵایەتییەکانیان بکات، پەیوەندی دروست بکات. پەیوەندی بۆ پاراستنی کۆمەڵگە، تۆ بەشێکی لەو کۆمەڵگەیە، سەردانیان دەکەیت و عیلاقاتیان لەگەڵ دروست دەکەیت بۆ ئەوەی ئەوان بنکەی پۆلیس بە هی خۆیان بزانن. زۆر جار بەرەنگاربوونەوەی تاوان بەشێکی بریتییە لە هاوکاریکردنی هاووڵاتی. هاووڵاتی خۆی کاتێک دەزگاکە بە هی خۆی زانی، خۆی دەیپارێزێت."
