توێژینەوەیەک: زیاتر لە یەک ملیار کەس تووشی توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە
توێژەرانی پەیمانگای پێوانەکردن و هەڵسەنگاندنی تەندروستی لە زانکۆی واشنتن توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە، باس لە گەورەترین قەیرانە تەندروستییە جیهانییەکان دەکات کە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.
توێژینەوەکە کە لە لایەن گۆڤاری 'The Lancet' بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، توندوتیژی سێکسی دژی منداڵان و توندوتیژی هاوسەری دژی ئافرەتان قەیرانێکی تەندروستی جیهانییە کە وەک پێویست ناناسرێت.
لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەمجۆرە توندوتیژییانە زۆرترین مەترسیان هەیە، کە دەبنە هۆی کەم ئەندام بوون یان مردن، ڕوونیشکراوەتەوە لە ساڵی 2021، زیاتر لە یەک ملیار کەس لە تەمەنی 15 ساڵ و سەرووتر لە منداڵیدا دەستدرێژی سیکسییان کراوەتە سەر. هەروەها 608 ملیۆن ئافرەت و کچ تووشی توندوتیژی جەستەیی یان سێکسی لەلایەن هاوسەر و خۆشەویستەکانیان بوونەتەوە.
هەروەها توێژینەوەکە دەریخستووە، توندوتیژی دژی ئافرەتان یەکێکە لەو هۆکارە مەترسیدارانەی ژیانی تەندروست لە تەمەنی 15 بۆ 49 ساڵیدا ناهێڵێت، کە ڕەنگە تووشی نەخۆشی بەرزی پەستانی خوێن و شەکرە ببن.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، دەرئەنجامە تەندروستییەکان بریتین لە مردنی ڕاستەوخۆ، خۆکوشتن، تاوانی کوشتن، نەخۆشی درێژخایەن، و تێکچوونی دەروونی و دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، هەروەها زیانگەیاندن بە خود و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە، نزیکەی 290 هەزار حاڵەتی مردنی منداڵان لە جیهاندا، پەیوەندیان بە توندوتیژی سێکسیەوە هەبووە، هەروەها 145 هەزار حاڵەتی مردنی ئافرەتان پەیوەندیان بە توندوتیژی لسیکسی لەلایەن خۆشەویست یان هاوسەرەکانیان هەبووە، هەروەها مەزەندەی کردووە لە ماوەی یەک ساڵدا نزیکەی 30 هەزار ئافرەت لەلایەن هاوسەرەکانیان کوژراون.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی و تەمەن تەنیا پرسێکی کۆمەڵایەتی و تاوانکاری نییە، بەڵکو ئەولەویەتێکی سەرەکییە بۆ تەندروستی گشتی کە پێویستی بە ستراتیژییەتی خۆپارێزی گشتگیر هەیە، پێویستی بە چاودێری تەندروستی بەپەلە و درێژخایەن بۆ ڕزگاربووان هەیە.
