پێشانگای ئۆنلاین و ڤیدیۆ كۆنفرانسی بازرگانانی کوردستان و هەرێمی جێجانگی چین دەستیپێکرد
"جوگرافیای کوردستان وادەکات وەبەرهێنەران پێش هەر ناوچەیەکی عێراق، بیر لە کوردستان بکەنەوە"
K24 - هەولێر
پێشانگای ئۆنلاین و ڤیدیۆ كۆنفرانسی بازرگانانی کوردستان و هەرێمی جێجانگی چین دەستیپێکرد، کە لەلایەن لقی هەولێری یەکێتی هاوردە و ناردنکاران و گرووپێکی چینیی تایبەتمەند بە پێشەنگا و کۆبوونەوەی بازرگانی رێکخراوە.
لایەنی چینی لە ڤیدیۆ کۆنفرانسەکەدا جەختیان کردەوە لەوەی رۆڵی باڵایان دەبێت لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی عێراق و، گوتیشیان هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان.
یەکێک لە بەرپرسە چینییەکانی کۆنفرانسەکە دەڵێ "ئێمە، زۆر باش دەزانین هەرێمی کوردستان ئەو ناوچەیەیە، کە مێژوویێکی زۆر کۆنی هەیە و بارودۆخێکی گونجاوی بۆ رەخساوە لە زۆر بواردا، هۆکاری بوونی ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بیرکردنەوە زانستییانەی خەڵکی کوردستان و شێوازی هاوڕێیانەی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کەسانی بێگانە. ئەو ناوچە جوگرافیە زۆر بەهێزەی هەرێمی کوردستان هەیەتی، بێگومان وادەکات ببێتە خاڵی سەرەتای هەر وەبەرهێنەرێکی بیانی کە بیەوێت لە وڵاتی عێراقدا کاربکات و، وادەکات هەر وەبەرهێنەرێکی بیانی سەرەتا بیر لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە پێش هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق''.
لەو پێشانگا ئۆنلاینەدا، لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، دەستەی وەبەرھێنان و بەرپرسانی دیكەی بازرگانی و پیشەسازی كوردستان، هەروەها کونسوڵی چین لە هەولێر، راوێژکاری بازرگانی باڵیوزخانەی کۆماری چینی میللی لە بەغدا و بەرپرسانی بەشی ئابووری لە هەرێمی شەنگەهای بەشدار دەبن.
پێشانگەکە بۆ چەند رۆژێک بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر خاوەن کۆمپانیای هەردوولا بەردەوام دەبێت. هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێکی زۆری کاڵاکانیان لە چینەوە هاوردە دەکەن و ئامانج لەو پێشانگەیەش؛ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و هەولێرە.
هـ.ر.