تورکیا: هەڵوێستمان لەسەر سیستەمی بەرگریی S-400 نەگۆڕە

وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، ئەنقەرە و واشنتن لە گفتوگۆدان بۆ لابردنی سزاکانی ئەمەریکا و بەربەستەکانی بەردەم گەڕانەوەی تورکیا بۆ پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی F-35، بەڵام جەختی کردەوە هیچ گۆڕانکارییەک سەبارەت بە خاوەندارێتی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400ی ڕووسی ڕووینەداوە.

هەرچەندە تورکیا بڕیارەکەی ئەمەریکا بە ناڕەوا دەزانێت، بەڵام هەردوولا هیوایان وایە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، ڕێگەچارەیەک بۆ سزاکان و یاساکانی ئەمەریکا بدۆزرێتەوە، تا تورکیا بتوانێت فڕۆکەکان بکڕێت.

ڕۆژی چوارشەممە تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا ڕایگەیاندبوو، گفتوگۆکان لەسەر ئەو بابەتە بەردەوامن، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد یاسای ئەمەریکا ڕێگە بە تورکیا نادات سیستەمی S-400ی هەبێت یان بەکاری بهێنێت ئەگەر بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ پرۆگرامی F-35.

لە وەڵامی لێدوانەکانی باڵیۆزی ئەمەریکادا، هەینی 12ی کانوونی یەکەمی 2025، یاشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: هیچ پێشهاتێکی نوێ نییە سەبارەت بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400، کە لەم ڕۆژانەی دواییدا خراوەتە بەرباس.

ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوامن بۆ لابردنی سزاکان و گەڕانەوەی وڵاتەکە بۆ پرۆگرامەکە، گوتیشی: مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆسەی F-35 بە ڕۆحیەتی هاوپەیمانێتی و لە ڕێگەی دیالۆگی دوولایەنەوە، کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکان دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هەفتەی ڕابردوو بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندبوو، بڕوای وایە تورکیا و ئەمەریکا ڕێگەیەک دەدۆزنەوە بۆ لابردنی سزاکانی ئەمەریکا لە کاتێکی زۆر نزیکدا.

واشنتن دەڵێت S-400 مەترسییە بۆ سەر فڕۆکەکانی F-35 و سیستەمی بەرگریی ناتۆ، بەڵام تورکیا ئەوە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت سیستەمە ڕووسییەکە تێکەڵ بە سیستەمی ناتۆ ناکرێت.

ئەم دوو هاوپەیمانەی ناتۆ لە ساڵی 2020ەوە پەیوەندییەکانیان ئاڵۆز بووە، کاتێک واشنتن بەهۆی کڕینی سیستەمی S-400 لەلایەن تورکیاوە، ئەنقەرەی لە پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی F-35 دەرکرد و سزای بەسەردا سەپاند، چونکە واشنتن ئەو سیستەمە ڕووسییە بە مەترسی ئەمنی دەزانێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل