تۆم باراک: هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی هاوبەشی ئەمەریکا و حکوومەتی سووریا
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە سووریا ڕایگەیاند، ئەو هێزەی لە ناوەڕاستی سووریا کەوتووەتە بۆسەوە، هێزێکی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا و حکوومەتی سووریا بووە و جگە لە کوژرانی سێ ئەمەریکی، ژمارەیەک سەربازی ئەو وڵاتەش بریندار بوون.
شەممە 13ی کانوونی یەکەمی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە سووریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) زانیاریی نوێی لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی داعش لە سووریا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، هێرشەکە کراوەتە سەر هێزەکانی هاوبەشی ئەمەریکا و حکوومەتی سووریا ە بە توندی سەرکۆنەی ئەو بۆسە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە دەکەم.
باڵیۆزەکەی ئەمەریکا دڵگرانیی خۆی بۆ کوژرانی سێ سەرباز و کارمەندی مەدەنیی ئەمەریکی دەربڕی و لە هەمان کاتدا هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ ئەو سەربازە سوورییانە خواست کە لە هێرشەکەدا بریندار بوون. جەختیشی کردەوە، لەسەر تێکشکاندنی تیرۆر لەگەڵ هاوبەشە سوورییەکانمان بەردەوام دەبین.
تۆم باراک ڕایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی سووریا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی وڵاتەکە بەدوای هەموو ئەوانەدا دەچن کە دەستیان لە کوشتنی سەربازە ئەمریکییەکاندا هەبووە.
گوتیشی: ئەمە بەبیرهێنانەوەیەکی تاڵە کە تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی بەردەوامە.جەختی کردەوە کە مانەوەی ژمارەیەکی سنووردار لە هێزەکانیان لە سووریا تەنیا بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکیی داعش و ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەیان.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ستراتیژی ئەوان بریتییە لە بەهێزکردنی هاوبەشە خۆجێییەکان لە سووریا بۆ ئەوەی شەڕەکە لەسەر زەوی بکەن، تا هێزەکانی ئەمەریکا ناچار نەبن تووشی جەنگێکی دیکەی گەورە و پڕ تێچوو ببن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە سووریا، نووسیویەتی: پێشوازی لە پابەندبوونی بەهێزی ئەحمەد شەرع دەکەین، کە هاوبەشە لە ئیرادەی پۆڵایینمان بۆ دەستنیشانکردن و ڕاوەدوونان و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە. پێکەوە تیرۆر لە سووریا ڕیشەکێش دەکەین.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ شەممە 13ی کانوونی یەکەمی 2025، لە ئەنجامی بۆسەیەک لە سووریا لە لایەن داعشەوە سێ هاووڵاتی ئەمەریکی کوژران و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆیەوە لە پلاتفۆرمی ئێکس، نیگەرانی و دڵگرانیی قووڵی خۆی بۆ برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی گشتی و سەربازانی ئەمەریکی دەربڕی کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکانیاندا لە بیابانی سووریا کراونەتە ئامانج.
عەبدی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، زیادبوونی ئەم جۆرە هێرشانە نیشانەیەکی مەترسیدارە و پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێزتر هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان، پرسی سەرنجڕاکێشی پەیامەکەی فەرماندەی هەسەدە بریتی بوو لە داواکاری بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی وەک تاکە ڕێگە بۆ لەناوبردنی شانە تیرۆریستییەکان، لە کۆتاییشدا هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە.
