هەسەدە: ڕێگە نادەین داعش جارێکی دیکە ببێتەوە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پەیامێکی توندی لەبارەی کوژرانی دوو سەربازە ئەمەریکییەکە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، وەڵامیان بۆ ئەنجامدەرانی هێرشەکە "یەکلاکەرەوە و ڕاستەوخۆ دەبێت و ئامادەیی خۆشیان نیشان دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە "سەرجەم خاکی سووریا.

شەممە 13ـی کانوونی یەکەمی 2025، فەرماندەیی گشتیی هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرەخۆشی ئاراستەی هاوبەشەکانیان لە سوپای ئەمەریکا و گەلی ئەو وڵاتە کرد بەهۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکی لە هێرشێکی تیرۆریستیی دا لە بیابانی سووریا لە کاتێکدا لە ئەرکدا بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

هەسەدە لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی کردووەتەوە: بە هاوبەشیی تەواو لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ڕێگە نادەین ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان ڕیزەکانیان ڕێکبخەنەوە یان جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە و جیهان بکەن. هەروەها هۆشداری دەدات وەڵامدانەوە بۆ بەرپرسانی هێرشەکە و ئەوانەی پاڵپشتییان دەکەن، یەکلاکەرەوە و ڕاستەوخۆ دەبێت.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوکەدا، هەسەدە ئاماژەیان بە فراوانکردنی مەودای ئۆپەراسیۆنەکانیان کردووە و دەڵێت: دووپاتی دەکەینەوە لە ئامادەیی تەواوداین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سەرجەم خاکی سووریا و ڕیشەکێشکردنی مۆڵگەکانیان لە هەر شوێنێک بن، بەبێ دوودڵی و پاشەکشە.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ شەممە 13ی کانوونی یەکەمی 2025، لە ئەنجامی بۆسەیەک لە سووریا لە لایەن داعشەوە سێ هاووڵاتی ئەمەریکی کوژران و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆیەوە لە پلاتفۆرمی ئێکس، نیگەرانی و دڵگرانیی قووڵی خۆی بۆ برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی گشتی و سەربازانی ئەمەریکی دەربڕی کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکانیاندا لە بیابانی سووریا کراونەتە ئامانج.

عەبدی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، زیادبوونی ئەم جۆرە هێرشانە نیشانەیەکی مەترسیدارە و پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێزتر هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان، پرسی سەرنجڕاکێشی پەیامەکەی فەرماندەی هەسەدە بریتی بوو لە داواکاری بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی وەک تاکە ڕێگە بۆ لەناوبردنی شانە تیرۆریستییەکان، لە کۆتاییشدا هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل