بێرنارد هێنری لێڤی: دەوڵەتی کوردی تاکە کلیلی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

بیرمەند و فەیلەسوفێکی ناوداری فەرەنسی ڕایگەیاند کە هێشتا مەترسییەکانی داعش و ئیسلامی توندڕەو لە ناوچەکە ماون و کۆتاییان نەهاتووە.جەختی کردەوە گەورەترین هەڵەی ڕۆژئاوا پشتکردنە کورد بوو لە دوای ڕیفراندۆم و پێی وایە عێراق و سووریا دوو دەوڵەتی شکستخواردوون و تاکە ڕێگە بۆ سەقامگیری، دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییە.

دووشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2025، بێرنارد هێنری لێڤی، بیرمەند و فەیلەسوفی ناوداری فەرەنسی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (باسی ڕۆژ)ی کوردستان24 کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، ئاماژەی بەوە دا، مەترسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەگۆڕاون. داعش و ئیسلامی توندڕەو هێشتا وەک مەترسی ماون، ڕەنگە خەلافەتەکەیان تێکشکێندرابێت، بەڵام شانە نووستووەکانیان و ئایدۆلۆژیاکەیان بوونی هەیە، دەبێت هەموویان بە تایبەت ڕۆژئاوا لەوە ئاگادار بێت.

ستایشی ئازایەتی پێشمەرگەی کرد و گوتی: من لە بەرەکانی جەنگ بووم و قارەمانییەتی پێشمەرگەم بینیوە، هیچ هێزێک شک نابەم لە 10ساڵی ڕابردوودا وەک پێشمەرگە و شەڕڤانان بەو شێوەیە ڕووبەڕووی تیرۆر بووبنەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی مەترسییە گەورەکە داعشە یان سیستەمی مەرکەزی، لێڤی گوتی: بەدڵنیاییەوە داعش مەترسییە، بەڵام بۆ کورد 'ناوەندێتی' (Centralization) مەترسییەکی دیکەیە. مەرکەزییەت واتە هەموو دەسەڵاتێک لە ناوەند کۆبکرێتەوە و مافەکانی کورد پێشێل بکرێن.

ئەو ڕاشیگەیاند: "دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتی سووریا، دوو دەوڵەتی شکستخواردوون، نەیانتوانیوە حوکمڕانییەکی باش بکەن و مافی پێکهاتەکان بە تایبەت مافی کورد بدەن.

بیرمەندە فەرەنسییە دۆستی کورد، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی کردەوە و گوتی: زیاتر لە 30 ساڵە بۆچوونم نەگۆڕیوە؛ باوەڕم وایە تاوەکوو دەوڵەتی کوردی دروست نەبێت، سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی نایەت. گەلی کورد نەتەوەیەکی ڕاستەقینەن، خاوەن خاک و مێژوون و شایستەی دەوڵەتن. هیچ نەتەوەیەک لە جیهاندا نییە هێندەی کورد شایستەی دەوڵەت بێت، چەندین تاوان و ئەنفاڵ بەرانبەر کرد کراوە، بە نوێنەرایەتی هەموو ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی تیرۆر بووەوە.

سەبارەت بە ڕیفراندۆمی 2017، بێرنارد هێنری لێڤی گوتی: ڕۆژی دوای ڕیفراندۆم، ڕەشترین ڕۆژی ژیانی من بوو. کاتێک بینیم جیهان و ڕۆژئاوا چۆن پشتیان لە کورد کرد دوای ئەوەی کورد بە تەنیا شەڕی تیرۆری بۆ هەموو جیهان کرد. ئەوەی بەرانبەر کورد کرا دوای ڕیفراندۆم، هەڵەیەکی گەورە و شەرمەزاری بوو بۆ جیهانی ئازاد.

دەربارەی دۆخی سیاسی عێراق و پێکنەهێنانی حکومەت، لێڤی گوتی: من نامەوێت زۆر بچمە ناو وردەکاری سیاسەتی ناوخۆ، بەڵام ئەوەندە دەزانم تۆپەکە لە گۆڕەپانی بەغدایە نەک هەولێر. هەولێر و پێشمەرگە باجی زۆریان داوە و قوربانی زۆریان داوە. بەغدا دەبێت مافە دەستووری و داراییەکانی هەرێم دابین بکات.

هەروەها ڕەخنەی توندی لە دۆخی عێراق گرت و گوتی: بەداخەوە عێراق ئێستا لەژێر هەژموونی وڵاتانی دیکە دایە و وەک پاشکۆیەک مامەڵە دەکات، ئەمەش بۆ سەروەری عێراق شەرمەزارییە.

سەبارەت بە کوردی ڕۆژئاوا و دۆخی سووریا، لێڤی هۆشداریدا کە ڕژێمی ئەسەد نەگۆڕاوە و هەمان عەقڵییەتی پێشووی هەیە. ئەو ئامۆژگاری کوردانی ڕۆژئاوای کرد کە سازش لەسەر داواکارییەکانیان بۆ لامەرکەزیەت و خۆبەڕێوەبەری نەکەن و گوتی: نابێت ڕێگە بدەن جارێکی دیکە بخرێنەوە ژێر دەسەڵاتی ڕەهای ناوەند.

لێڤی هیوای خواست کە وڵاتانی ڕۆژئاوا وانە لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرن و پاڵپشتی لە هاوپەیمانە ڕاستەقینەکانیان بکەن کە کوردن، بۆ ئەوەی ڕێگە لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و دروستبوونی شۆکی دیکە لە ناوچەکەدا بگیرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل