وەزارەتی بەرگریی تورکیا: درۆنێکمان لە ئاسمانی دەریای ڕەش خستە خوارەوە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ڕادارەکانیان جووڵەی تەنێکی ئاسمانییان بەدی کرد کە لە دەریای ڕەشەوە بەرەو ئاسمانی ئەو وڵاتە دەهات، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16 دەستبەجێ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان خستە خوارەوە کە کۆنترۆڵی لەدەست دابوو.

دووشەممە، 15ی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان (درۆن) خستووەتە خوارەوە کە لە دەریای ڕەشەوە نزیک بووەتەوە لە ئاسمانی تورکیا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ڕادارەکان شوێنپێی تەنێکی ئاسمانییان دۆزیوەتەوە کە لە دەریای ڕەشەوە بەرەو ئاسمانی تورکیا هاتووە. وەک بەشێک لە ڕێکارە ئاساییەکان و بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاسمانی، دەستبەجێ فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16ی سەر بە هێزەکانی ناتۆ و هێزە نیشتمانییەکانی تورکیا ڕاسپێردراون بۆ بەدواداچوون و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە.

وەزارەتەکە ڕوونی کردووەتەوە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە تەنەکە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بووە کە کۆنترۆڵی لەدەست داوە. بۆ ڕێگریکردن لە هەر زیانێکی ئەگەری، لە ناوچەیەکی پارێزراو و دوور لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان خراوەتە خوارەوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل