سیسی: میسر ئاماده‌یه له رووی سه‌ربازییه‌وه هاوكاری عێراق بكات
وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه له هه‌موو بواره‌كاندا به تایبه‌تی له رووی سه‌ربازییه‌وه هاوكاری عێراق بكات

K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆكی كۆماری میسر، عه‌بدولفه‌تاح سیسی رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه له هه‌موو بواره‌كاندا به تایبه‌تی له رووی سه‌ربازییه‌وه هاوكاری عێراق بكات.
گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی میسر، "به‌سام رازی" له راگه‌یه‌ندراوێكدا، باسی له كۆبوونه‌وه‌ی "سیسی" له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری عێراق، "جومعه عناد" كرد.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر بره‌ودان به په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌ی نێوان قاهیره و به‌غدا كردووه‌ته‌وه و سه‌رۆكی میسر، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ هاوكاریكردنی عێراق له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا خستووه‌ته‌ڕوو.
روونیشیكردووه‌ته‌وه، هه‌ردوولا باسیان له هاوكاری سه‌ربازی نێوان میسر و عێراق كردووه و سه‌رۆكی میسر، دووپاتیكردووه‌ته‌وه، كه ئه‌وان ئاماده‌ن له رووی راهێنان و ئاڵوگۆڕی ئه‌زموون و به‌رنامه‌ی راهێنانه‌وه هاوكاری عێراق بكه‌ن و به‌یه‌كه‌وه كاربكه‌ن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانای سه‌ربازی سوپای عێراق.