ئازا حەسیب قەرەداغی کتێبی شیعریی 'لەگەڵ تیشکا هاتم' بڵاو کردەوە
"لەگەڵ تیشکا هاتم" نوێترین کتێبی شیعری نووسەر و شاعیر ئازا حەسیب قەرەداغییە، کە لەلایەن سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی جیهانەوە چاپ و بڵاو کرایەوە.
سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، شێوەکار و شاعیر ئازا حەسیب قەرەداغی، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە شیعرییەکەی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند "لەگەڵ تیشکا هاتم، شازدەمین کتێبی چاپ کراوی منە و پێنجەمین دیوانی شیعرەکانمە، لە دوای هەر یەکە لە 'ئارا بەستەی ژیان و مەرگ 2017'، 'گۆرانییەک لە دڵمایە 2018' ، 'پڕ پڕە لە تۆ'، 'چۆڵ نییە دڵم2019' و'وشە لە توخمی ڕەنگ 2021."
قەرەداغی، گوتیشی: 'لەگەڵ تیشکا هاتم'، دیوانێکی قەبارە مامناوەندییە، لە 320 لاپەڕەدا، دووسەد و یەک دەق و پێشەکییەکی لە خۆ گرتووە. تا ئێستا سێ کۆڕی ناساندنی بۆ کراوە. یەکەمیان لە زانکۆی جیهان کە د. عەبدولخالق یەعقووبی و محەمەد هاشم، هونەرمەندی شێوەکار هەڵیان سەنگاند. دووەم لە بەشی کوردی لە زانکۆی سۆران، کە د. عەبدولخالیق یەعقووبی و د. کافییە سەباح هەڵیان سەنگاند. سێیەمیش لە یەکێتی نووسەرانی کورد، لقی هەولێر، کە د. مستەفا زەنگەنە هەڵی سەنگاند.
ئازا حەسیب قەرەداغی، لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی: لەگەڵ هیچ شێوازێکی نووسینی شیعر و دەقی ئەدەبیدا دڕدۆنگ و لووتەلا نیم، ئەوی دەیخوێنمەوە، ئەگەر بە کوردییەکی پاراو و بێ هەڵەی زمانەوانی نووسرابێت، ئەگەر بە ئەنقەست ئاڵۆز نەکرابێت، یان بۆ شاردنەوەی نەزانین، بە ناوی وێنەی شیعرییەوە، پڕ نەکرابێت لە گرێ و گۆڵە، ئەوجا لەوانەش واوەتر، چێژ بە دەروونم ببەخشێت، ئافەرینی دەقەکە و نووسەرەکەی دەکەم.
ئەو هەروا گوتی: من هەموو شێوازە هونەرییەکانی نووسینی دەق، پەیڕەو دەکەم، تەنیا بە کێشی عرووزی عەرەبی نانووسم، چونکە کورد خاوەنی ڕەزم و کێشی شيعریی ڕەسەن و تایبەتی خۆیەتی و عرووز دەخیل و نامۆیە بەو ڕەسەنایەتییە. ئەم هەڵوێستەشم وا لێکنەدرێتەوە کە ئەو شاکارانە ڕەت دەکەمەوە کە لە مێژووی ئەدەبییاتماندا هەن، بەڵکوو پێشیان سەرسامم، پرسەکە هەر ئەوەندەیە کە بەو کێشە نانووسم و لای ئێوەش زانراوە کە ئەو دوو کێشە لە دوو ژینگەی تەواو لە یەک جیاواز دروست بوونە و کێشی شیعری فۆلکلۆریی و ڕەسەنی کوردی، هەزاران ساڵ لە پێش عەرووزەوە هەبووە و گاتاکانی ئاڤێستای پێ نووسراوەتەوە و لەگەڵ سرووشتی زمانی کوردیدا جمکن.
ئازا حەسیب قەرەداغی، لە کۆتایی قسەکاندا گوتی: لەم کتێبە و ئەوانی پێشتریشدا، دەبیننەوە کە فرەشێواز دەنووسم. بۆیەش وا دەنووسم، چونکە پێشوەخت بڕیار نادەم چۆن دەنووسم، لەو باوەڕەدام دەق خۆی شێوازی خۆی دیاری دەکات، نەک من.
شێوەکار و شاعیر ئازا حەسیب قەرەداغی، لەساڵی 1960 لەسلێمانی لەدایک بووە، خاوەنی بڕوانامەی دبلۆم لە ئیدارە و بەکالۆریۆس و ماستەرە لە کۆمەڵناسی. خاوەنی چەندین دیوان و کتێبی شیعری چاپکراوە، تا ئێستە 11 پیشانگەی شێوەکاریی تایبەتیی لە شارەکانی کوردستان کردووەتەوە و لەگەڵ هونەرمەندانی کوردستانیشدا بەشداریی چەندین پیشانگەی هاوبەشی کردووە و ئەندامی ساندیکای هونەرمەندانە.
