بەهۆی بارانبارینی پاییزی ئەمساڵەوە؛ کانی و کانیاوەکانی سنووری پشدەر ژیانەوە
تەقینی کانی و کانیاوەکانی گوندی "شەروێت" لە پایزدا موعجیزە نییە، بەڵام دەکرێت بڵێین ڕووداوێکی دەگمەنە، هاوینی ڕابردوو کە وشکەساڵییەکی توند هەرێمی کوردستانی گرتەوە، تەواوی دانیشتووانی ئەو گوندە، چی بۆ مەڕوماڵات، چی بۆ ئاوی خواردنەوە و پێداویستییەکانی خۆیان، پشتیان بە تەنیا یەک بیر بەستبوو. لەکاتێکدا کەم ماڵی گوندی شەروێت هەیە کە کانییەکی تایبەت بەخۆی نەبێت و لەناو ماڵەکەدا هەڵنەقوڵابێت.
شێخە وەتمان، مامۆستا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سوپاس بۆ خوای گەورە، بەو بارانەی کە باری، هەموو کانی و کانیاوەکان ژیانەوە، بیر هەیە کە 80 بۆ 90 مەتر قووڵە، ئەو ئاوەی کە تێیدا دەمێنێتەوە ئاوەکە سەر دەکەوێتەوە. هەم ئاوی ژێرزەوی زۆر زیادی کردووە، هەم ئاوی سەرزەویش زیادی کردووە، ئەوە دەتوانم بڵێم وەک موعجیزەیەک وایە".
سڵێمان حەمەدۆک، گوندنشین دەڵێت: " یەک سەدە لەمەوپێش، ئەگەر لێرە جوت و گێرە و دروێنەیان کردبێت، چوون لە قولەی دەربەندی ئاویان هێناوە، بەڵام ئەو ساڵانە وشکەساڵی بوو، ئاو نەبوو، هەم لە گەرمێن هەم لە کوێستانەکانیش ئاو کەم بوو. ئێستا خوای گەورە ئاوڕێکی زۆر گەورەی لێداوینەتەوە و کانیاوەکان هەموو تەقیونەتەوە."
خالید ئەحمەد، گوندنشین گوتی: "وەڵڵا پار ئاو هەر نەبوو، ئەو چۆمەی دەبینی لە سەرەوە پێیدا بڕۆ خوارێ، لە یەک جێ قەترە ئاوێک نەبوو پیاو بیخواتەوە، ئێستاش خوای گەورە خێر و بەرەکەتێکی ناردووە، هەر بەندارێ تەماشای دەکەیت بەخوڕ چۆمی لە بن هەڵدەقوڵێت. تەماشای ئەو سەرچاوە و ئاوانە بکە. جیاوازییەکە زۆرە هەتا ئەو نەرمە بارانەش بێت تەقینی کانییەکان زیاتر دەبێت."
گوندی شەروێت کە ساڵی ڕابردوو تەواوی دانیشتووانەکەی تەنها پشتیان بە یەک بیر بەستبوو، ئێستا بەهۆی زۆری ئاوەکەیەوە سرووشتە جوان و دڵڕفێنەکەی بۆ گەڕاوەتەوە و ئاوێکی سازگار لە هەموو لایەکی گوندەکەوە دەبینرێت.
