عەبدولقەهار زاخۆیی دەستکەوتەکەی زاخۆ بە مێژوویی بۆ چوار پارچەی کوردستان دەزانێت
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خۆشی و شادی بەهۆی بەدەستهێنانی ناسناوی جیهانیی فیفا لەلایەن هاندەرانی یانەی زاخۆوە، هونەرمەندی دیاری کورد عەبدولقەهار زاخۆیی ئەم ڕووداوە بە تۆمارکردنی مێژوویەکی نوێ بۆ تەواوی کوردستان وەسف دەکات و ڕایدەگەیەنێت، پیرۆزیی خاک و ناوی زاخۆ وای لێ دەکات بێ گوێدانە کەشوهەوا تا سپێدە ئاهەنگ بگێڕێت.
هونەرمەندی ناسراوی شاری زاخۆ، عەبدولقەهار زاخۆیی، خۆشحاڵی بێسنووری خۆی دەربڕیوە بەرانبەر بەو سەرکەوتنە جیهانییەی کە هاندەرانی یانەی شارەکەی بەدەستیان هێناوە و بوونەتە خاوەنی خەڵاتی فیفا.
ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم دەستکەوتە تەنیا بۆ شارێک نییە، بەڵکو شانازی و سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان.
لە میانەی بەشداریکردنی لە ئاهەنگەکاندا، ئەو هونەرمەندە ئامادەیی خۆی نیشانداوە کە بۆ ئەو مەبەستە تا درەنگانی شەو و تەنانەت تا بەرەبەیانیش گۆرانی بۆ سەرکەوتنی یانەی زاخۆ بچڕێت، تەنانەت ئەگەر لەژێر بارانیشدا بێت، چونکە بە گوتەی خۆی زاخۆ لای ئەو پیرۆز و گەورەیە.
هاوکات لە پەیامەکەیدا ڕۆحیەتی یەکترقبووڵکردن و وەرزشیی نیشانداوە و ئاماژەی بەوە کردووە، خۆشەویستی بۆ سەرجەم یانەکانی دیکەی کوردستانیش هەیە و هیوای خواستووە هەموویان لە کاروانەکەیاندا سەرکەوتوو بن.
ئەم کاردانەوەیەی عەبدولقەهار زاخۆیی دوای ئەوە دێت کە یانەی زاخۆ و هاندەرانی، بەتایبەتی لە ڕێگەی چیرۆکی (نیپەل)ـە بچووکەوە، توانیان سەرنجی جیهان ڕابکێشن و خەڵاتی باشترین هاندەری فیفا (FIFA Fan Award) بەدەست بهێنن، ئەم ڕووداوە شەقامەکانی زاخۆی کردووەتە کەرنەڤاڵێکی جەماوەری و هونەرمەندان و وەرزشوانانی لە دەوری یەک ئامانج کۆکردووەتەوە کە ئەویش گەیاندنی ناوی کوردستانە بە ناوەندە جیهانییەکان.
