کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆتایی بە "یاسای قەیسەر" هێنا و بەتەواوی سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت

لە هەنگاوێکی مێژووییدا کۆنگرێسی ئەمەریکا بە فەرمی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی "یاسای قەیسەر"ی پەسەند کرد، ئەم بڕیارە کە لە چوارچێوەی ستراتیژی بەرگریی ئەمەریکادا بە دەنگی 77 سیناتۆر پەسەند کرا، دەرگا بۆ گەڕانەوەی وەبەرهێنانی بیانی و ئاوەدانکردنەوەی سووریا دەکاتەوە.

یاسای قەیسەر کە لە ساڵی 2019 و لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕژێمی پێشووی سووریا سەپێنرابوو، کۆسپێکی گەورە بوو لە بەردەم سیستەمی بانکی و ئابووریی سووریادا. دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی نوێنەران پڕۆژەکەی پەسەند کرد، ئێستا چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئەمەریکا واژۆی لەسەر بکات بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

حکوومەتی سووریا بە گەرمی پێشوازی لەم بڕیارە کرد، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "ئەم هەنگاوە ئاسۆیەکی نوێ بۆ هاوبەشی لەگەڵ جیهان دەکاتەوە و سوپاسی ئەنجوومەنی پیران دەکەین بۆ پشتیوانییان لە گەلی سووریا."

لای خۆشیەوە جین شاهین، سیناتۆری دیموکراتی ئەمەریکی بڕیارەکەی بە "هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە" وەسف کرد بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی گەلی سووریا.

ئەم گۆڕانکارییە خێرایانە دوای زنجیرەیەک دیدار دێن لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، دوای ئەوەی لە مانگی ئایاردا لە کەنداو دیداریان هەبوو، لە 10ـی تشرینی دووەمدا شەرع لە کۆشکی سپی پێشوازی لێکرا. چاودێران ئەمە بە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بۆ شەرع دەزانن، کە وەک "جیهادییەکی پێشوو" توانیویەتی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت و وڵاتەکەی لە گۆشەگیری دەربهێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی بانکی نێودەوڵەتی، سووریا پێویستی بە زیاتر لە 216 ملیار دۆلارە بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، کە پێشبینی دەکرێت هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایانە ببێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیە.

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل