تۆم باراک: هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر دەرفەتێکە بۆ گەشانەوەی سووریا
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سووریا، پێشوازی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر کرد و ڕایگەیاند، ئێستا کاتی ئەوەیە سووریا بگەشێتەوە و هەنگاو بەرەو یەکگرتنەوە بنێت.
هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەت ئەمەریکا بۆ سووریا لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، سوپاسی سەرۆکی ئەمریکا و کۆنگرێسی کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی کە لە چوارچێوەی "یاسای قەیسەر"دا بەسەر سووریادا سەپێنرابوون. باراک گوتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دووپات کردەوە و نووسیویەتی: دەرفەتێک بە سووریا بدەن.
نێردەی تایبەت ئەمەریکا، پرۆسەی بنیاتنانەوەی سووریای بە تەونەکانی مافوور ناو دەبات و دەڵێت: بەنە ئاسۆییەکانی ئەو مافوورەی دەچنرێت، لە پێکهاتەکانی (سوننە، شیعە، مەسیحی، کورد، درووز، عەلەوی و ڕەوەند) پێکهاتووە، کە بە ڕەنگی ڕەسەن و خۆڕاگر تەنراون.
هەروەها تۆم باراک وڵاتانی دراوسێی سووریای بە بەنە ستوونییەکانی مافوورەکە ناو دەبات و دەڵێت: سەرەڕای جیاوازیی گۆشەنیگاکان، بەڵام هاوکاریی هاوبەش، دەبێتە هۆی گەشانەوەی هێزی ناوچەکە.
تۆم باراک لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە ئەم پرۆسەیە بە تێپەڕبوونی کات، دەبێتە هۆی لێبوردەیی، خۆشگوزەرانی و لە سەرووی هەمووشیانەوە متمانە.
ئەم پەیامەی باراک دوای ئەوە دێت کە واشنتن لە هەنگاوێکی نوێدا بڕیاری دا بەشێک لە فشارە ئابوورییەکانی سەر سووریا کەم بکاتەوە بۆ پاڵپشتیکردن لە سەقامگیریی سیاسی لەو وڵاتەدا.
