هه‌ڵمه‌تی كوتان دژی ئیفلیجی منداڵان له ئه‌مڕۆه‌وه ده‌ستیپێكرد
هه‌ڵمه‌ته‌كه له وه‌رزی به‌هاردا به‌هۆی ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێوه جێبه‌جێنه‌كرا

K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 29ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2020)، هه‌ڵمه‌تی كوتان دژی ئیفلیجی منداڵان به‌هاوكاری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان (یونیسێف) له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكرد،
وه‌زیری ته‌ندروستی "سامان به‌رزنجی"، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "هه‌ڵمه‌ته‌كه له وه‌رزی به‌هاردا به‌هۆی ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێوه جێبه‌جێنه‌كرا".
روونیشیكرده‌وه، زیاتر له (500) تیمی گه‌ڕۆك، هه‌ڵمه‌ته‌كه جێبه‌جێده‌كه‌ن و جه‌ختیشیكرده‌وه هه‌ڵمه‌ته‌كه گرنگی گه‌وره‌ی بۆ به‌هێزكردنی به‌رگری منداڵان هه‌یه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌ڵمه‌ته‌كه منداڵانی تازه‌له‌دایكبوو تا ته‌مه‌نی (5) ساڵی ده‌گرێته‌وه و بۆ ماوه‌ی (5) رۆژیش به‌رده‌وام ده‌بێت، به به‌شداری (1700) كارمه‌ندی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و به‌سه‌رپه‌رشتی (106) پزیشكی پسپۆڕ، كه‌پێكووته بۆ (22) هه‌زار منداڵ دابین ده‌كه‌ن.
وه‌زیری ته‌ندروستی داوای له خه‌ڵك كرد، هاوكاری تیمه گه‌ڕۆكه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی له ماوه‌ی دیاریكراودا هه‌موو منداڵان له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا سوودمه‌ند بن.