هاووڵاتییانی میسری دانیشتووی هەرێم ستایشی ئاسایش و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن
هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی میسر، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی میسری کە لە شاری هەولێر نیشتەجێن، ستایشی ئاسایش و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و ڕایدەگەیەنن کە بەهۆی لێکچوونی دابونەریت و مامەڵەی دۆستانەی خەڵکەوە، هەست بە نامۆیی ناکەن.
ئەو هاووڵاتییە میسرییانە کە بۆ کارکردن ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان هاووڵاتییانی کورد و میسیدا بەدی ناکەن. ئیبراهیم کامیل، کە ماوەی هەشت ساڵە لە هەولێر دژیت، بە کوردستان24ی گوت: گەلی کوردستان و میسر یەک گەلن، لەو ماوەیەی لێرە بووم ڕۆژێک هەستم نەکردووە کەسێکی بیانی بم، بەڵکوو زۆر بە ئاسوودەیی کارەکانی خۆم دەکەم.
وێڕای ستایش کردنی خزمەتگوزارییەکان، خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ میسر دەربڕی و وەک کەسایەتییەکی خۆشەویست وەسفی کرد.
لەلایەکی دیکەوە، محەممەد خەلەف، کە زیاتر لە حەوت ساڵە لەگەڵ خێزانەکەی لە هەرێمی کوردستان دژیت، ئاماژەی بە سەقامگیری و دۆخی ئەمنی ئێرە کرد و گوتی: ڕێژەی تاوان لێرە زۆر سنووردارە و بەهۆی چاودێری وردی دەزگا ئەمنییەکانەوە هەست بە ئارامی دەکەین، هەروەها کوردستان بەردەوام لە پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەدایە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، مونتەسیر کەمال و محەممەد ئەشرەف، کە ئەوانیش ماوەی چەندین ساڵە لە هەرێم دەژین، باسیان لەوە کرد کە فەرمانگەکان بەبێ جیاوازی کارەکانیان بۆ ڕایی دەکەن و هیچ گرفتێکیان نییە. ئەوان هیوایان خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و میسر لە ڕێگەی ئەم سەردانانەوە زیاتر پەرە بسێنێت.
ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی میسری لە هەرێمی کوردستان لە بواری جیاجیادا کار دەکەن و بەشێکیان خێزانەکانیشیان لەگەڵ خۆیان هێناوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو سەقامگیری و ژینگە لەبارەیەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەراهەمی کردووە.
