سیناتۆرێکی کۆمارییەکان: ئەگەر حەماس و حزبوڵڵا چەک نەکرێن، دەبێت ئیسرائیل لە ناویان ببات
سیناتۆرێکی کۆمارییەکانی ئەمەریکا لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل، هۆشداریدا لەوەی ئەگەر بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵڵای لوبنان چەکەکانیان دانەنێن، دەبێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژیان دەست پێ بکاتەوە.
لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمەریکا کە بە یەکێک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دادەنرێت، ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پێویستە بە خێرایی پلانێک دابنێین و کات بۆ حەماس دیاری بکەین تا چەکەکانیان دابنێن، ئەگەر ئەمە نەکەن، من هانی ترەمپ دەدەم کە دەستی ئیسرائیل واڵا بکات بۆ ئەوەی کارەکە تەواو بکات و کۆتایی بە حەماس بهێنێت.
سیناتۆرە ئەمەریکییە ئەوەشی خستەڕوو کە حەماس لە ماوەی 90 ڕۆژی ڕابردووی ئاگربەستدا، خەریکی پتەوکردنی دەسەڵاتی خۆیەتی لە غەززە و جەختی کردەوە قۆناغی دووەمی ئاگربەست شکست دەهێنێت ئەگەر حەماس بە چەکداری بمێنێتەوە.
سەبارەت بە حزبوڵڵای لوبنانیش، گراهام هەڵوێستێکی توندی نیشان دا و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو گرووپە چەکە قورسەکانی ڕادەست نەکات، پێویستە لە داهاتوودا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدرێت. گوتیشی: پێویستە ئەمەریکا شانبەشانی ئیسرائیل بەشداری بکات و هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدەین بۆ لەناوبردنی حزبوڵڵا.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیەندرا و هەروەها لە تشرینی دووەمی 2024ەوە ئاگربەستێک لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئیسرائیل چەککردنی ئەو دوو گرووپە هاوپەیمانەی ئێران بە مەرجی سەرەکی بۆ ئاشتیی بەردەوام دەزانێت.
