سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ میسر کاردانەوەی میدیا جیهانییەکانی لێکەوتەوە

سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قاهیرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، کاردانەوەی زۆری لە میدیاکانی عەرەبی و جیهانی لێکەوتەوە و بە بایەخەوە باس لە ڕۆڵی مەسرور بارزانی دەکەن لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێی پەیوەندی و وەبەرهێنان لەگەڵ میسردا.

بەگوێرەی هەواڵی میدیاکان، پرسەکانی تایبەت بە پەیوەندی ئابووری لەنێوان میسر و هەرێمی کوردستان یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ میسر بووە .

هەریەک لە (Daily News Egypt) و (Xinhua) و (Egypt Today)، ئاماژەیان بەوە داوە، عەبدولفەتاح سیسی لە دیدارەکەدا پێشنیازی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی کۆمپانیا میسرییەکان بەتایبەت لە کەرتەکانی "وزە و ژێرخان" بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

سیسی بەڵێنی ئەوەی بە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوە، کە کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی دەتوانن پرۆژەکان بە کوالێتییەکی بەرز و تێچوویەکی کێبڕکێکارانە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن.

سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئەمنی، ماڵپەڕی (Middle East Online) ڕاپۆرتێکی وردی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات: هەرێمی کوردستان بەشێکی ئارام و گەشەسەندووی عێراقە.

ڕاپۆرتەکە نووسیویەتی سەرەڕای ئەوەی بەغدا بەدوای هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیراندا دەگەڕێت، سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی کەنداو هەیە و هەولێر بووەتە ناوەندێکی گرنگی دیپلۆماسی کە کونسوڵخانەی گەورەی ئەمەریکای لێیە و ڕۆڵێکی گرنگی هەرێمی دەگێڕێت.

ئاماژەشی بەوەکردووە، بەپێی زانیارییەکان، میسر وەک هێزێکی سەرەکیی ناوچەکە، هەرێمی کوردستان بە کۆڵەکەیەکی گرنگی هاوسەنگی و سەقامگیری دەزانێت. لەو چوارچێوەیەشدا سیسی ئامادەیی میسری بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی هەمەهانگییەکان دەربڕیوە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ متمانەی قاهیرە بە ڕۆڵی سەرکردایەتیی کورد لە ناوچەیەکی پڕ لە گۆڕانکاریدا.

ڕۆژنامەی (Ahram Online) و (The Egyptian Gazette) سەرنجیان خستووەتە سەر لایەنی ئەمنی و سیاسیی کۆبوونەوەکە. بەپێی زانیارییەکانیان، سیسی ستایشی "هەماهەنگییە ئەمنییە توندوتۆڵەکان"ی نێوان دامەزراوەکانی میسر و هەرێمی کوردستانی کردووە.

هەروەها ماڵپەڕی (State Information Service) کە زمانحاڵی فەرمیی دەوڵەتی میسرە، ئاماژەی بەوە داوە کە میسر پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی مەسرور بارزانی و حکوومەتی هەرێم دەربڕیوە لە چەسپاندنی ئاشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

لە چوارچێوەی گرنگیدانی میدیاکان بە لایەنە ئابوورییەکە، هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژەیان بە گەشەی بازرگانیی نێوان هەردوولا کردووە. بەپێی ئامارەکان قەبارەی بازرگانیی میسر و عێراق (کە هەرێمیش دەگرێتەوە) لە ساڵی 2024 گەیشتووەتە 1.1 ملیار دۆلار.

بەپێی ڕاپۆرتی (Voice of Emirates) و هەندێک ماڵپەڕی دیکە، ئەم سەردانەی مەسرور بارزانی وەک هەنگاوێکی ستراتیژی دەبینرێت کە تێیدا هەرێمی کوردستان نەک تەنیا وەک هاوبەشێکی ئەمنی، بەڵکوو وەک دەروازەیەکی گرنگی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا میسرییەکان ناسێنراوە و قاهیرە متمانەی تەواوی بە سەرکردایەتیی کورد هەیە لە ناوچەیەکی پڕ لە گۆڕانکاریدا.

هەروەها سەردانەکە لەلایەن ئاژانس و دەزگا ڕاگەیاندنە ناودارەکانی میسر و ناوچەکە لەوانە "الأهرام، الیوم السابع، الوطن، الدستور، وصوت الأمة" Bahrain News Agency, (Africa24)،State Information Service و The Egyptian Gazette جگە لە پەخشی کەناڵەکان بە تایبەت کەناڵی الحیاة، بەیەخێکی زۆریان بە سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ میسر داوە

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل