ترەمپ کەشتیگەلی ئاڵتوونی ڕاگەیاند

سەرۆکی ئەمەریکا بە فەرمی کەشتیگەلی ئاڵتوونی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، بەپەلە دەست دەکەن بە دروستکردنی گەورەترین و پێشکەوتووترین کەشتیی جەنگی لە مێژووی جیهاندا، کە پڕچەک دەکرێن بە مووشەکی هایپەرسۆنیک و لێزەری وزە بەرز.

سێشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کەشتی کەشتیگەلی ئاڵتوونی ڕاگەیاند و گوتی: کەشتیگەلێکی نوێی ئاڵتوونی. ئێمە ناوی دەنێین کەشتیگەلی ئاڵتوونی و بۆ هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکان دروستی دەکەین.

گوتیشی: 10 ساڵ و 15 ساڵی داهاتوو نا، بەڵکوو ئێمە زۆر بە ناچاری ئێستا پێویستمان بە کەشتییە. کەشتییەکانمان، هەندێکیان کۆن و ماندوو بوون و بەسەرچوون لەکارکەوتوون. باسی لەوەش کرد، ئەو کەشتییە لە دژی هیچ وڵاتێک نییە.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، وەک فەرماندەی گشتی، جێگەی شانازییەکی گەورەیە بۆ من ڕایبگەیەنم کە ڕەزامەندیم لەسەر پلانێک داوە بۆ هێزی دەریایی، بۆ دەستپێکردنی دروستکردنی دوو کەشتیی جەنگیی (باتڵشیپ)ی تەواو نوێ و زۆر گەورە، کە گەورەترینن تا ئێستا دروستمان کردبن.

ترەمپ گوتیش: لە ساڵی 1994ـەوە هیچ کەشتییەکی جەنگیمان دروست نەکردووە. ئەم کەشتییە پێشکەوتووانە دەبنە یەکێک لە کوشندەترین کەشتییە جەنگییەکان و دەبێتە گەورەترین کەشتیی جەنگی لە مێژووی وڵاتەکەماندا، گەورەترین کەشتیی جەنگی کە تا ئێستا لە مێژووی جیهاندا دروست کرابێت.

ڕوونیشی کردەوە 10 دانە دروست دەکەین، بەڵام سەرەتا بە دوو دانە دەست پێ دەکەین و بە خێرایی دەیکەین بە 10 دانە. لە کۆتاییشدا، پێمان وایە بۆ 20 بۆ 25 لەم کەشتییان زیاد دەکەین.دەشڵێت: دەستبەجێ دەست بە دروستکردنی دوو کەشتی دەکەین و ڕەنگە دوو ساڵ و نیومان پێ بچێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کەشتییانە کە کێشەکەیان زیاتر لە 30 بۆ 40 هەزار تەنە، دەبنە کەشتیی پێشەنگی کەشتیگەلی دەریایی ئەمەریکا، هاوکات ئەم کەشتییە جەنگییانە لە ڕووی تۆپ و مووشەکەوە لە بەرزترین ئاستدا پڕچەک دەکرێن.هەروەها چەکی هایپەرسۆنیک، نوێترین تەکنەلۆژیای تۆپی کارۆموگناتیسی و تەنانەت ئەو لێزەرە وزە بەرزانەشیان دەبێت کە تازە دەستتان کردووە بە خوێندنەوە لەسەریان.

ڕاشیگەیاند، خەڵکێکی زۆر هەن کە فڕۆکەی ئێف-35یان دەوێت.بەڵام گەیاندنیان بە دەستی هاوپەیمانان یان خۆمان، کاتێکی زۆری دەوێت. گوتیشی: دەبێت کارگە بۆ دروستکردنی ئێف-35، دروستکردنی هەلیکۆپتەر، دروستکردنی فڕۆکە نوێیەکە، ئێف-47 بکەین.

ترەمپ گوتیشی: نەک تەنیا ڤەنزوێلا، لە هەر شوێنێک قاچاخچییەتی بە ماددەی هۆشبەر هەبێت ئێمە هێرشی دەکەینە سەر. هاوکات لەبارەی ئەو کەشتییانەی دەستییان بەسەر گرتووە، باسی لەوە کرد، لای خۆمان دەیپارێزین.

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل