شاندی حەماس و وەزیری دەرەوەی تورکیا پرسی غەززە تاوتوێ دەکەن
شاندێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس، لەگەل وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و، هەردوولا تاوتوێی پرسی ڕێککەوتنی غەززەیان کرد، هەروەها گفتوگۆیان لە بارەی پرۆسەی بەدیهێنانی یەکڕیزیی نیشتمانیی فەڵەستینی کرد.
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چەسپاندنی ئاگربەست، ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، شاندێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس بە سەرۆکایەتیی خەلیل حەییە، بەرپرسی بزووتنەوەکە لە کەرتی غەززە، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. تەوەری سەرەکیی دیدارەکە بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە سەڕ و تاوتوێکردنی دۆخی مرۆیی.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی بزووتنەوەی حەماس، لە کۆبوونەوەکەدا خەلیل حەییە جەختی لە پابەندبوونی بزووتنەوەکەی کردووەتەوە بە تەواوی بەندەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست.
هاوکات حەییە هۆشداری دا لە مەترسیی بەردەوامیی پێشێلکاری و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بە گوتەی ئەو، "ئامانجی ئیسرائیل دروستکردنی ئاستەنگە لە بەردەم گواستنەوە بۆ قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست و لەباربردنی ئەو لێکتێگەیشتنانەی تا ئێستا بەدەست هاتوون."
سەبارەت بە دۆخی کارەساتباری مرۆیی لە کەرتی غەززە، شاندی حەماس نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەوەی قەبارەی هاوکارییەکان وەڵامدەرەوەی کەمترین ئاستی پێداویستییەکان نین. حەییە لەم بارەیەوە ڕوونی کردەوە: "%60ـی ئەو بارهەڵگرانەی ئیسرائیل ڕێگە بە هاتنەژوورەوەیان دەدات، تەنیا کاڵای بازرگانین و هاوکاریی مرۆیی و فریاگوزاری نین." بە گوتەی بەرپرسی حەماس، ئەم سیاسەتە وای کردووە کە بەشێکی زۆری دانیشتووانی کەرتەکە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی وەک خۆراک، دەرمان و خێمە بێبەش بن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پەرەسەندنەکانی کەناری ڕۆژئاوا و قودس تاوتوێ کران. شاندی حەماس تیشکی خستە سەر مەترسیی ڕەفتارەکانی ئیسرائیل بەرانبەر بە گەلی فەڵەستین و پیرۆزییە ئیسلامی و مەسیحییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر پرۆسەی بەدیهێنانی یەکڕیزیی نیشتمانیی فەڵەستینی کرد، وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پلانانەی کە ئامانجیان "لەناوبردنی دۆزی فەڵەستینە
