مامەڵەی بازرگانی بە تومەنى ئێرانى کەم بووەتەوە
فشارە ئابورییەکانى سەر ئێران و بێهوایی لە ڕێککەوتنى ئەتۆمى و زیادبوونى بێکارى و بەرزیى رێژەى هەڵاوسان لە ئێران، هۆکاری دابەزینى بەهاى تومەنن.
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەهای بەهاى 100دۆلارى ئەمەریکى 13ملیۆن تومەنى ئێرانى تێپەڕاند، بەم هۆکارەش ئێستا لە بازاڕى ئاڵوگۆڕى دراوى سلێمانى مامەڵەی بازرگانی بە تومەنى ئێرانى زۆر کەم بۆتەوە.
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی، بە کوردستان24ـی گوت: مامەڵە بە تومەنی نەقدی و مامەڵەی کاش و فەیس و توفەیس زۆر کەم بووەتەوە؛ چونکە ئێمە لەڕابردودا ئەزمونێکی خراپمان هەبوو لە بازاڕە داراییەکان خەڵکێکی زۆر توشی زەرەر بوون و مامەڵەکان زۆر کەم بوونەتەوە. ئێستا ڕۆژانە 30 ملیار تومەن مامەڵە دەکرێت. ئەوەش لە چاو جاراندا زۆر کەمە، بەڵام حەواڵە بەردەوامە و کاریگەریش دروست ناکات چونکە کوردستان و عێراق بەکاربەرێکی سەرەکی کەلوپەلی ئێرانین.
هەر گۆڕانکارییەک لە بەهاى تومەن، کاریگەرى ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی کاڵاى ئێرانى لە هەرێمى کوردستان دەبێت. بە گوێرەی بەدواداچوونەکان، پاش کەمبوونەوەی بەهای تومەن، هاوردەی کاڵای ئێرانی بە ڕێژەی %15 کەمی کردووە .
فەرەیدوون عەلی، بازرگان، دەڵێت: لەم کاتەدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەمووی تێکچووە، ئەوان ناتوانن بەم نرخەی ئێستا کاڵاکانیان بفرۆشن. چونکە هەرچەند کارخانەکان هی ئێران بن، بەڵام ماددە سەرەکییەکان لە دەرەوەی ئێران بە دۆلار دەکڕدرێن، ئێستا کە بەهای دۆلار بەو شێوەیە بەرز بووەتەوە، کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر هەناردەی کاڵای ئێرانی. جگە لەوەش، ئێران گومرکێکی زۆری خستووەتە سەر ئەو کاڵایانەی هەناردەیان دەکات.
ساڵانى ڕابردوو ئاستى ئاڵوگۆرى بازرگانى ئێران و هەرێمى کوردستان ، زیاد لە شەش ملیار دۆلارى ساڵانە بوو، بەڵام پاش دابەزینی بەردەوامی بەهای تومەن، ئەو ڕێژەیەش کەم بووەتەوە .
چارەنوسێکی باش بۆ ئایندەی تومەنی ئێرانی پێشبینی ناکرێت، چونکە بازرگانان و شارەزایانی بازاڕە داراییەکان لایانوایە ڕەنگە بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی بگاتە 15ملیۆن تومەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی هەیە.
