لە هەفتەیەکدا ڕووسیا هەشتەمین شاری ئۆکرانیای کۆنترۆڵکرد
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا کۆنترۆڵکردنی شارێکی دیکە لە پارێزگای زاپۆریژیای ئۆکرانیا ڕاگەیاند و ئاماژەیداوە، لە هەفتەیەکدا ئەمە هەشتەمین شارە کۆنترۆڵی بکەن. پێشڕەوییەکانی ڕووسیا هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئەمڕۆ هەینی 26ی کانوونی یەکەمی 2025، ڕایگەیاند، سەربازەکانی لەشکری ڕۆژئاوای سوپای ڕووسیا بەرەو قوڵایی سەنگەر و بەرگرییەکانی سوپای ئۆکرانیا لە پێشڕەویدان ق بە کۆنترۆڵکردنی شاری کۆسۆڤتسیڤۆی زاپۆریژیا توانراوە ئەو بەرەیەی جەنگ یەکلا بکرێتەوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی بەرگریی ڕووسیا هاتووە، دوای هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چڕ و شەش هێرشی هاوکات بۆ سەر سوپای ئۆکرانیا و کۆمەڵگەی پیشەسازی سەربازییەکانی ئۆکرانیا، توانراوە بە تەواوی شارەکە کۆنترۆڵ بکەن.
هەروەها ئاشكرای کردووە، سوپای ڕووسیا لە 20ی ئەم مانگەوە تاوەکوو ئەمڕۆ 26ی کانوونی یەکەم، لە وەڵامی هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر خاکی ڕووسیا، بە چەند هێرشێکی مووشەکی وەڵامی ئۆکرانیای داوەتەوە و لە هێرشەکاندا مووشەکی بالیستی کینجال، کە خێراترە لە دەنگ، بەکارهێنراوە.
بەرگریی ڕووسیا ئاماژەیداوە، لە هەفتەی ڕابردوودا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی توانیویەتی حەوت مووشەکی باڵداری جۆری ستۆرم شادۆ تێکشکێنێت، کە لەلایەنی سوپای ئۆکرانیاوە ئاراستەی خاکی ڕووسیا کرابوون.
24ی شوباتی 2022، سوپای ڕووسیا هێرشی فراوانی کردە سەر خاکی ئۆکرانیا و لەگەڵ ئەوەی جەنگەکە نزیک دەبێتەوە لە چوارەم ساڵی، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە دەستپێشخەرییەکی بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە دەستپێکردووە و دوایینجار لە 15ی ئەم مانگە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، گفتوگۆیەکی زۆر باش و دوورودرێژی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا کردووە؛ گوتیشی: وا دیارە کارەکان بە باشی بەرەوپێش دەچن، هەرچەندە ماوەیەکی زۆرە ئەمە دەڵێین، بەڵام دۆخەکە لەوەی بیری لێدەکەینەوە سەختترە.
ترەمپ ڕژدە لەسەر ڕاگرتنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاوەکوو ئێستا هەشت جەنگی یەکلاکردووەتەوە و کێشەی نێوان تایلەند و کەمبۆدیاشیان چارەسەر کردووە کە کوشتاری لێکەوتبووەوە.
