لە موسڵ بارەگاکانی حەشدی شەعبی کرانە ئامانج
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، دوو بارەگای سەر بە گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە ناو شاری موسڵ و سنووری ناحیەی بەعشیقە کرانە ئامانج، هێرشەکان زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە بەڵام زیانی گیانییان نەبووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای نەینەوا بە میدیا عێراقییەکانی رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، تەقەمەنییەکی نەناسراو کەوتووەتە نێو حەوشی بارەگایەکی سەر بە "کەتائیبی سەیدولشوهەدا" لە ناوچەی رەشیدییە، لە نزیک زانکۆی تەکنیکی لە باکووری رۆژهەڵاتی موسڵ. بەگوێرەی سەرچاوەکە، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی یان ماددیی ئەوتۆی لێنەکەوتووەتەوە.
دوای رووداوەکە، تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی و بەڵگەی تاوان، بە هاوکاری بەرگریی شارستانی، گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست بۆ پشکنینی مەیدانی و کردنەوەی لێکۆڵینەوە لەبارەی چۆنیەتی رووداوەکە و سەرچاوەی تەقینەوەکە.
لە رووداوێکی دیکەی هاوشێوەدا، بارەگایەکی لیوای 30ی حەشدی شەعبی لە ناوچەی خۆرسیبات لە سنووری ناحیەی بەعشیقە لە رۆژهەڵاتی نەینەوا بۆردومان کرا. سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هێرشە زیانی ماددی بە بارەگاکە گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
ئەم هێرشانەی سەر پارێزگای نەینەوا لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا، زنجیرەیەک بۆردومانی ئاسمانی و هێرشی مووشەکی بارەگا سەربازییەکانی عێراق و گرووپە چەکدارەکانی لە چەندین ناوچەی جیاجیا کردووەتە ئامانج، هەروەها ئەم پەرەسەندنانە هاوکاتن لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، کە وایکردووە خاکی عێراق ببێتە بەشێک لە گۆڕەپانی ململانێیەکان.