سیروان تۆفیق: ئامادەکاری تەواوکراوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران
بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، دەستەکە لە هەر بۆنە و جەژنێکی نەتەوەیی و ئایینیدا ئامادەکاریی تەواو بۆ پێشوازی لە گەشتیاران دەکات، بۆ ئەم مەبەستە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئاگادارکراونەتەوە و ڕاسپێردراون، کە بە باشترین شێواز پێشوازی لە گەشتیاران بکەن.
هەینی 26ـی کانوونی یەکەمی 2025، سیروان تۆفیق بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشوگوزاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بۆ کوردستان24، گوتی:" بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێ ئامادەکارییەکانمان وەکو دەستەی گەشتوگوزار بە باشی ئەنجام داوە، لەو ڕۆژانەی کە هاووڵاتییان و گەشتیاران سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن بە وردی چاودێری کوالێتی خزمەتگوزاری و نرخەکان دەکەین.
گوتیشی:"لیژەنەکانمان لە خاڵە سنووری و بازگەکانن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران ئەگەر پێشتر پاسێکی گەشتیاران پێویستی بە 40 خولەک بوایە بۆ دەربازبوون لە بازگەکان، ئێستا بە کەمتر لە10 خولەک دەربازیان دەبێت، جگە لەمەش لیژنەی ناوخۆ بە هاوکاری لیژنەکانی قایمقامیەت و هێزە ئەمنییەکان کار لەسەر ئەوە دەکەن کە ئایا شوێنە گەشتیارییەکان ئامادەکارییان کردوە بۆ پێشوازی لە گەشتیار و کوالێتی و نرخی خزمەرگوزارییەکان لە چی ئاستێکدان.
باسی لەوەشکرد:"بە گوێرەی پلانی دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەر بە دەستەی گەشتوگوزار، پێشبینی هاتنی زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار دەکەن.
جەختی لەوەشکردەوە، پێش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی گەشتیاری بیانی 10%ـی تێنەدەپەڕاند، بەڵام کار و پرۆژەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری گەشتوگوزار وایکردووە ئێستا زیاتر لە 35% ئەو گەشتیارانەی ڕوو دەکەنە هەرێمی کوردستان، کەسانی بیانی و وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان و عێراق بن.
لە ماوەی شەش ساڵی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگی تایبەت بە کەرتی گەشتیاری دراوە، بۆ ئەم مەبەستە 78 پرۆژەی گەشتیاری ئەنجامدراوە، دەیان ڕێگاوبان لە پێناو بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری دروستکراون و بەشێکی دیکەشیان نۆژەن کراونەتەوە، بە هۆیەوە ڕێژەی هاتنی گەشتیاران لە ناوەوەی عێراق و وڵاتانی دەرەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
