لە ڕۆژئاوای کوردستان ڤایرۆسێکی هاوشێوەی کۆرۆنا بڵاو بووەتەوە
لە شار و شارۆچکەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، جۆرە ڤایرۆسێکی نوێی وەرزیی بە شێوەیەکی فراوان بڵاوبووەتەوە و بەهۆیەوە سەدان حاڵەتی تووشبوون تۆمار کراوە.
بە گوتەی پزیشکان، ئەم ڤایرۆسە لە کۆرۆناوە نزیکە و تووشبوو هەست بە سەرئێشەی توند، تای بەرز و کۆکەی بەردەوام و بێهێزی دەکات ، بەڵام پزیشکەکان دڵنیایی دەدەن، مەترسیی ئەم ڤایرۆسە بەراورد بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمترە.
ئەم شەپۆلە نوێیەی نەخۆشییەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سەلامەتی گشتی و تەندروستیی هاووڵاتییان دروستکردووە، بەتایبەتی لەنێوان منداڵاندا زۆر بەربڵاوە و ژمارەیەکی زۆر تووشبوون و ناوەندە تەندروستییەکانیان سەرقاڵکردووە.
جوان خالد تووشبووێکی ڤایرۆسەکە دەڵێت "تووشی تەنگەنەفەسی دەبم و ئازاری پشتم هەیە و بەهۆی هاوڕێیەکمەوە تووشی ڤایرۆسەکە بووم دواتر ئەندامانی خێزانەکەشم تووشبوون و زۆربەی خێزانەکان لە قامشلۆ تووشی ئەو نەخۆشییە بوونە و هەمان نیشانەکانی نەخۆشی کۆرۆنای هەیە."
پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن، نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتین لە؛ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە بۆ 40 پلەی سیلیزی، هەستکردن بە بێهێزییەکی زۆر و زیادبوونی کۆکە لای تووشبووان.
بە گوتەی پزیشکانی ناوچەکە، ڤایرۆسەکە وەرزییە و مەترسییەکی ئەوتۆی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان نییە، بەڵام کاریگەرییەکی توندی بەسەر ئەو کەسانە هەیە کە نەخۆشیی "ڕەبوو" و کێشەی "تەنگەنەفەسی"یان هەیە، بۆیە پێویستە ئەو کەسانە زیاتر وریای تەندروستیی خۆیان بن.
حامد سینۆ یەکێکە لە پزیشکەکانی قامشلۆ بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "ئەو نەخۆشییە وەرزییە و ساڵانە بڵاو دەبێتەوە و ئەمساڵ ڤایرۆسەکە شێوەی خۆی گۆڕیوە بەناوی (H3N2) و هەموو ساڵێک بڵاو دەبێتەوە لەنێوان هاووڵاتییاندا و ئەمساڵ نیشانەکانی بە شێوەیەکی قورستر بەسەر تووشبووان دەرکەوت، بەڵام تا ئێستا حاڵەتی مەترسیدارمان تۆمار نەکراوە."
