بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی منداڵان: هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی پەتایەکی وەرزی توند دەدات
دکتۆر مەحموود محەمەد، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەتایەکی ڤایرۆسی توند لەنێو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە و پەستانێکی زۆری خستووەتە سەر نەخۆشخانەکانی منداڵان، هۆشداری دا لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە و گوتی:" پەتایەکی توندی هەناسەدان لەنێو منداڵان بڵاوبووەتەوە، بە هۆیەوە لە مانگێکدا 3500 منداڵ خەوێندراون".
پێنجشەممە 26ـی شوباتی 2026، دکتۆر مەحموود محەمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی منداڵان لە هەولێر، تایبەت بۆ کوردستان24، گوتی،" رۆژانە لە نێوان 700 بۆ 800 منداڵ دەهێنرێنە بەشی راوێژکاریی نەخۆشخانە، لەو ژمارەیەش رۆژانە 150 بۆ 200 منداڵ بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستییانەوە لە نەخۆشخانە دەخوێندرێن، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، تەنها لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 3500 منداڵ لە نەخۆشخانەی راپەڕین چارەسەریان وەرگرتووە و خەوێندراون.
جەختی لەوەشکردەوە، زۆربەی ئەو منداڵانەی تووشی ئەم پەتایە بوون، بەدەست "هەناسەتەنگی و توندیی کۆکە"وە دەناڵێنن و زۆرێکیان پێویستیان بە ئۆکسجین و ئامێری هەناسەدان هەیە، دکتۆر مەحموود ئاماژەی بەوەش کرد، مەترسییەکە زیاتر لەسەر ئەو منداڵانەیە کە تەمەنیان لە خوار یەک ساڵەوەیە، بەتایبەت تەمەنی 2 بۆ 3 مانگی، کە دۆخیان زووتر تێکدەچێت.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی منداڵان، هۆشداریی دەداتە دایکان و باوکان کە بە هیچ شێوەیەک بەبێ راوێژی پزیشک "دەرمانی دژەبەکتریا (Antibiotic)" بە منداڵەکانیان نەدەن، چونکە پەتەکە ڤایرۆسییە و دژەبەکتریا سوودی نییە، مەگەر لە حاڵەتێکدا پزیشک دوای پشکنین هەست بکات هەوکردنی بەکتریایی لەگەڵدایە.
دکتۆر مەحموود جەختی کردەوە، جیاکردنەوەی پەتای ڤایرۆسی لە بەکتریایی بۆ دایکان و باوکان کارێکی ئەستەمە و تەنانەت پزیشکانیش هەندێکجار پێویستیان بە پشکنینی تاقیگەیی ورد دەبێت، بۆیە داوای کرد لە کاتی تێکچوونی دۆخی منداڵ و هەبوونی هەناسەتەنگی، راستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بکەن و خۆیان لە بەکارهێنانی دەرمانی سەرەڕۆیانە بپارێزن.