کاردیناڵ ساکۆ: هەڕەشەم لێکراوە، بەڵام بە تەنیا نیم

کاردیناڵ لویس ڕافایل ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، ڕایگەیاند، ڕووبەڕووی هەڕەشە و سەرئێشە بووەتەوە. گوتیشی، مەرجەعی باڵای عێراق لەم بارەیەوە هەڵوێستی نەبووە.

لویس ساکۆ ئەو قسانەی لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا کرد. لەبارەی بابەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسرائیل، دووپاتی کردەوە، ئەو دەستەواژەی ئاساییکردنەوەی بەكارنەهێناوە، تەنها بیرۆکەی خۆی خستوەتەڕوو، بەڵام قسەکانیان گۆڕیوە و لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ کراوە، هەروەها ئاشکرای کرد، ئەو یاوەری پاپا فرانسیس بووە بۆ ئوردن، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە لەگەڵیدا بچێتە ئیسرائیل.

 لویس ساکۆ باسی لەوەش کرد، دوای ئەو بابەتی ئاساییکردنەوەیە ڕووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە و دووچاری سەرئێشەیان كردووە، بەڵام ئەو تەنیا نییە و نوێنەرایەتیی یەک ملیار و 400 ملیۆن کەس دەکات لە سەرانسەری جیهان، تەنها ئەوە نا بەڵکوو باوباپیرانی لە کوفەی عێراق بە خاک سپێردراون و هاووڵاتی ڕەسەنی وڵاتەکەیە.

 ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا یەک ملیۆن کریستیان کۆچیان کردووە و 1,500 کریستیانی دیکە کوژراون. هەروەها، 1,200 موڵکی کریستیانەکان داگیر کراوە.

پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان ئاشکرای کرد، تەنیا موقتەدا سەدر وەڵامی نامەکەی داوەتەوە بۆ گەڕاندنەوەی موڵکە داگیرکراوەکان و لە ئەنجامدا 100 موڵک گەڕێندراوەتەوە.

قەیرانی کاردیناڵ ساکۆ و دەسەڵاتدارانی عێراق لە مانگی تەممووزی ساڵی 2023 دەستی پێکرد، دوای ئەوەی سەرۆک کۆماری عێراق، لەتیف ڕەشید، مەرسوومێکی کۆماریی هەڵوەشاندەوە. ئەو مەرسوومە لە ساڵی 2013 لەلایەن سەرۆک کۆماری پێشوو، جەلال تاڵەبانییەوە دەرکرابوو و دانپێدانانی فەرمیی دەوڵەتی بەخشیبووە ساکۆ وەک پاتریارکی کەنیسەی کلدانی و سەرپەرشتیاری موڵک و ماڵی کەنیسە.

هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومەکە نیگەرانیی زۆری لەناو کریستیانەکانی عێراق و جیهاندا لێکەوتەوە و بە هەنگاوێک بۆ پەراوێزخستنی زیاتری پێکهاتەی کریستیان لە عێراقدا لێکدرایەوە. لە کاردانەوەیەکدا، کاردیناڵ ساکۆ بارەگای پاتریارکییەتی لە بەغداوە گواستەوە بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند تا دانپێدانانەوەی فەرمیی پێگەکەی نەگەڕێتەوە.

دوای نزیکەی ساڵێک لەو قەیرانە و بە هەوڵی چەند لایەنێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە نێویاندا بانگهێشتێکی فەرمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، کاردیناڵ ساکۆ لە مانگی نیسانی 2024 گەڕایەوە بەغدا. دواتریش لە مانگی حوزەیرانی 2024، سەرۆک وەزیران مەرسوومێکی نوێی دەرکرد و تێیدا کاردیناڵ لویس ساکۆی وەک پاتریارکی کلدانەکان لە عێراق و جیهاندا ناساند.

سەڕەڕای ئەم پێشهاتانە، مەترسییەکان لەسەر بوون و داهاتووی کریستیانەکان لە عێراقدا هێشتا بەردەوامن. بەپێی ئامارەکان، ژمارەی کریستیانەکان لە عێراقدا لە دوای ساڵی 2003ەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە، لە زیاتر لە 1.5 ملیۆن کەسەوە بۆ نزیکەی 250,000 کەس دابەزیوە. هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کۆچکردنە بریتین لە توندوتیژی، ئاوارەبوون، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل