ڕەجەب زوبێر: سۆران لە کەرتی ڕێگاوبان و خزمەتگوزاری قۆناغێکی گەورەی بڕیوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕەجەب زوبێر، قایمقامی شارۆچکەی ناوەندی سۆران، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان تیشکی خستە سەر ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە لە دوای دروستبوونی کابینەی نۆیەم و ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە.
قایمقامی سۆران ڕایگەیاند: "لە دوای هاتنەکایەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جیاوازییەکی زۆر و بەرچاو لە ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان دروست بووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا گرنگییەکی تایبەتی بە سۆران داوە، ئەمەش وایکردووە کەرتە جیاوازەکان پەرەپێدانی زۆر بەخۆیانەوە ببینن."
ڕەجەب زوبێر ئاماژەی بەوە کرد؛ بەهۆی ئەوەی سۆران ناوچەیەکی ستراتیژی و گەشتیارییە و ڕێگا سەرەکییەکانی گەشتیاری دەکەونە ئەم سنوورە، حکوومەت ئەمساڵ بایەخێکی تایبەتی بە کەرتی ڕێگاوبان داوە. وتیشی: "سۆران لە ڕووی گەشتیارییەوە خاوەن سروشتێکی دڵگیر و سەرنجڕاکێشە، چاککردنی ڕێگاوبانەکانیش هاوتەریب بووە لەگەڵ ئەو ناوبانگە گەشتیارییەی ناوچەکە هەیەتی."
قایمقامی سۆران وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی پڕۆژەکان، ئاماژەی بە ڕێگای سەرەکی "هامڵتۆن" کرد کە هەولێر بە مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەبەستێتەوە. ناوبراو ڕوونیکردەوە: "ئەم ڕێگایە کە بە سۆران و خەلیفاندا تێپەڕ دەبێت، ئێستا زۆر باشتر و ئاسانتر کراوە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو وەرچەرخانێکی گەورەیە لە ئاسانکاری هاتوچۆ و بوژانەوەی ئابووری ناوچەکە."
لە کۆتاییدا، قایمقامی سۆران دووپاتی کردەوە؛ پڕۆژەکان تەنیا لە ڕێگاوبان کورت نەبوونەتەوە، بەڵکو سۆران لە هەموو کەرتە خزمەتگوزارییەکانی دیکەشدا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و پرۆسەی ئاوەدانی بەردەوامی هەیە.
