ئیسرائیل مۆڵەتی کارکردنی چەند ڕێکخراوێکی مرۆیی هەڵدەوەشێنێتەوە
حکوومەتی ئیسرائیل هۆشداریی دایە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان (NGOs) کە لە کەرتی غەززە کاردەکەن، ئەگەر تا ئەمڕۆ چوارشەممە، لیستی ناوی کارمەندە فەڵەستینییەکانیان ڕادەست نەکەن، لە ساڵی 2026دا ڕێگری لە چالاکییەکانیان دەکرێت.
وەزارەتی کاروباری ڕەوەند و بەرەنگاربوونەوەی دژە جوولەکە ڕایگەیاند، ئەو ڕێکخراوانەی لیستی کارمەندەکانیان پێشکەش نەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی پەیوەندییان بە "تیرۆر"ەوە، مۆڵەتەکانیان لە یەکی کانوونی دووەمی 2025 هەڵدەوەشێتەوە. هەروەها دەبێت تا یەکی ئاداری 2026 سەرجەم چالاکییەکانیان لە غەززە ڕابگرن.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، ئەم بڕیارە تەنیا 15%ـی ڕێکخراوەکان دەگرێتەوە. هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتیش بریتین لە:
هەوڵدان بۆ تێکدانی شەرعیەتی ئیسرائیل.
لێپێچینەوەی یاسایی لە سەربازانی ئیسرائیل.
نکۆڵیکردن لە هۆلۆکۆست یان ڕووداوەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023.
ئیسرائیل ڕاستەوخۆ ڕێکخراوی "پزیشکانی بێ سنوور" (MSF)ی تۆمەتبار کرد بە دامەزراندنی دوو کەس کە پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانەوە هەبووە. وەزارەتەکە دەڵێت؛ لە ساڵی 2024دا دەرکەوتووە یەکێکیان ئەندامی "جیهادی ئیسلامی" و ئەوی دیکەیان"قەناس بەدەستێکی حەماس" بووە.
لە بەرامبەردا، ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە؛ بە ئاگادارییەوە چەکداریان دامەزراندبێت. ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە دیالۆگداین لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، بەڵام نیگەرانی خۆیان نیشانداوە سەبارەت بە مەرجی ئیجباریی ڕادەستکردنی بەڵگەنامەی ناسنامەی کارمەندەکانیان.
ئەم ڕێکارە نوێیانە لە کاتێکدایە غەززە لە ژێر ئاگابەست و ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی قورس بووەتەوە. هەرچەندە بڕیار بوو ڕۆژانە 600 بارهەڵگر هاوکاری بچێتە ناو غەززە، بەڵام ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تەنیا لە نێوان 100 بۆ 300 بارهەڵگر دەگاتە شوێنی مەبەست.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر 99%ـی هاوکارییە مرۆییەکان نابێت و زۆرینەی ڕەهای ڕێکخراوەکان (لە کۆی 100 داواکاری تەنیا 14یان ڕەتکراونەتەوە) بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.
