ترەمپ ڕوونکردنەوە لە بارەی تەندروستییەکەی دەدات

سەرۆکی ئەمەریکا لە تەمەنی 79 ساڵیدا دڵنیایی دەدات لە باشیی تەندروستیی و ئاشکرای دەکات کە بەهۆی ئەسپرینەوە ڕەنگی دەستی گۆڕاوە، هاوکات داوا دەکات ئەنجامدانی پشکنینی ژیری و توانای مێشک بکرێتە مەرج بۆ هەر کەسێک ببێتە سەرۆک یان جێگری سەرۆک، ئاماژەشی دا، توانیویەتی لە هەڵسەنگاندنی توانای هۆش و مێشک ئەنجامێکی زۆر باش بەدەست بهێنێت.

هەینی 2ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) بڵاوی کردووەتەوە، دکتۆرەکانی کۆشکی سپی پێیان ڕاگەیاندووە، تەندروستی زۆر باشە، دەشڵێت: بۆ سێیەم جار لەسەر یەکە هەموو پرسیارەکانی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی ژیری بە ڕاستی وەڵام داوەتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، هەڵسەنگاندنی توانای هۆش و مێشک ئەو لە هی هیچ سەرۆکێک ناچێت، بەتایبەت جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا. باسی لەوەش کرد، هەر کەسێک ببێتە سەرۆکی وڵاتەکەی یان جێگرەکەی، دەبێت با ناچاری هەڵسەنگاندنی توانای هۆش و مێشک پێ بکرێت.

ترەمپ جەختیشی لەوە دەکاتەوە، نابێت ئەمەریکا لەلایەن کەسێکی نەزان و ناتەواو بەڕێوە ببردرێت.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لە تێکچوونی باری تەندروستی دەکەن و هۆکاری ئەو ڕەنگ-گۆڕان و داخورانەی دەستی دەگەڕێنێتەوە بۆ بەکارهێنانی دەرمانی ئەسپیرین

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ترەمپ زیاتر ڕوونکردنەوەی لەسەر تەندروستییەکەی داوە، کە تەندروستی تەواوە و هیچ کێشەی نییە، گوتیشی: ئەو پشکنینە پزیشکییەی لە مانگی تشرینی یەکەمی پارساڵ بۆی کراوە، سی تی سکان بووە نەک ئێم ئای ئاڕ، وەک پێشتر ڕایگەیێندرابوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە وردبینی و چاودێریی لەسەر تەندروستی دۆناڵد ترەمپ لە تەمەنی 79 ساڵ زیاتر دەبێت، چونکە ئەو ئێستا بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە لە مێژوودا.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل